Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"تا ئێستا ٤٠ ھاووڵاتیی ئامێدی بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەکەکە"

ئامێدی-KDP. info-  لە سنووری پارێزگای دھۆک دەیان گوند بەھۆی چەکدارانی پەکەکەوە ئاوەدانییان بۆ نەچووە و پشکی شێری ئەو نەھامەتییەش بەر ناوچەکانی ئامێدی و نێروە ڕێکان کەوتووە. ڕۆژنامەنووسێکی ناوچەکەش دەڵێت، لەدوای ڕاپەڕینەوە زیاتر لە ٤٠ ھاووڵاتی شەھید بوونە و ٨٠%ی خاکی ئامێدی بەھۆی ھەڕەشەی پەکەکەوە ئاوەدان نەبووەتەوە.

ئیقبال عومەر، ڕۆژنامەنووس و شارەزای سیاسەتی پەکەکە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سنووری دەڤەری ئامێدی بەرفراوانە و خاکێکی بەپیتی ھەیە بۆ کشتوکاڵ و کاری جووتیاری، بەڵام بەھۆی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکەوە ھەر لەدوای ڕاپەڕینەوە لە کۆی ٣٤٨ گوندی قەزای ئامێدی، ٢٠٢ گوند بەھۆی ھەبوونی بنکە و بارەگای پەکەکە ئاوەدان نەبوونەتەوە و خەڵکەکەی بێبەشبوونە لە گوندەکانیان، بەو پێیەش ٨٠%ی خاکی ئامێدی پەکەکەی تێدایە، بەتایبەتی ناوچەیەکی وەک نێروە ڕێکان زۆربەی خاپوورە و خەڵکی لە کۆمەڵگەکانی دەوروبەری دھۆک و شارەکان نیشتەجێیە."

ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت: "جگە لە زیانی ماددی لەدوای ڕاپەڕینەوە زیاتر لە ٤٠ ھاووڵاتی سڤیلی ناوچەکە بەھۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا شەھید بوونە، یان لەلایەن پەکەکەوە شوێنبزر کراون، دەڤەرەکە بووەتە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێ و ڕۆژ نییە شەڕ و بوردومان لەسەر دەڤەرەکە نەبێت."

ئیقبال عومەر ڕوونی کردەوە: "لە ڕووی ئابوورییەوە پەکەکە زیانی گەورەی بە خەڵکی ناوچەکە گەیاندووە، چونکە خەڵکی ئەو ناوچانە ھێشتا وەک ئاوارە دەژین و ناتوانن بگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان، ڕێژەی بێکاری زیادی کردووە و ساڵانە بەرھەمێکی زۆری خۆرسک ھەیە دەستی ھاووڵاتییان پێی ناگات و بەھەدەر دەچێت، چەندین شوێنی گەشتیاری ھەن کاتێک ھاووڵاتییان و گەشتیاران ڕووی تێ دەکەن، چەکدارانی پەکەکە خۆیانی لێ نزیک دەکەنەوە و ترس و دڵگەڕاوکێ لای گەشتیاران درووست دەبێت، لەبەر ئەوەی ھەبوونی چەکدار لەگەڵ کەرتی گەشتیاری یەک ناگرێتەوە و گەشتیاران ناتوانن بچنە زۆر شوێنی گەشتیاری."

قائید میرۆ