Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"پێش کەوتنی مووسڵ حکوومەتی عێراقمان ئاگادار کردبوو"

مووسڵ-KDP. info-  حەوت ساڵ بەسەر داگیرکردنی شاری مووسڵ لەلایەن گرووپی تیرۆرستیی داعشدا تێ دەپەڕێت و بەھۆی داگیرکاریی داعشەوە جگە لە شەھیدبوون و ڕفاندنی ھەزاران ھاوڵاتیی سڤیل، ژێرخانی مووسڵ وێران کرا. بەرپرسێکی پارتی لە مووسڵ ئاشکرای کرد، چەند ڕۆژێک پێشکەوتنی مووسڵ ھۆشدارییان دابووە حکوومەتی عێراق، بەڵام ئامادە نەبوون بەرەنگاری چەکدارانی داعش ببنەوە.

عسمەت ڕەجەب، بەرپرسی پێشووی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش ھاتنی داعش ڕەوشی ئەمنی لە مووسڵ گەیشتبووە ئاستێکی مەترسیدار و ھەسمان دەکرد ڕەوشەکە بەرەو تەقینەوە دەچێت، چونکە ڕەوشەکە ئالۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینی، سەرەتا داعش لە ھەندێ ناوچەی باشووری مووسڵ دەستی بە جووڵە کرد و تەنانەت سەربازگەیان بۆ مەشق و ڕاھێنانی چەکدارەکانیان کردبووە، ئێمە وەک پارتی لە ڕێگەی خۆمانەوە دواتر لە ڕێگەی سەرکردایەتییەوە حکوومەتی ئەوکاتی عێراقمان لە مەترسییەکانی داعش ئاگادار کردەوە، بەداخەوە بەرپرسانی عێراق خەمسارد بوون لە بەرانبەر مەترسییەکانی داعشدا.''

بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "ڕۆژانی پێشکەوتنی مووسڵ خۆم لە مووسڵ پەیوەندیم بە فەرماندەی ھێزەکانی عێراق لە مووسڵ کرد کە چەکدارانی داعش ھاتوونەتە نێو ژمارەیەک گەڕەکی مووسڵ و ڕەوشەکە زۆر مەترسیدارە، ھەتا ئەو پەیامەشم پێ گەیاند، ئەگەر پێویستیتان بە ھاوکاریی سەربازی ھەیە ئەوە ھێزی پێشمەرگە دەنێرین، بەڵام فەرماندەی ھێزە عێراقییەکان ڕەتی کردەوە و گوتی پێویستمان بە ھێز نییە."

پەیوەست بە ھۆکاری کەوتنی مووسڵ، عسمەت ڕەجەب ئاشکرای کرد: "حکوومەتی عێراق مووسڵی پشتگوێ خستبوو، بە پلەی یەکەم مامەڵەی ھێزە عێراقییەکان لە مووسڵ وای کرد خەڵکی مووسڵ لە ڕەوشەکە بێزار بێن و بوونە ھۆکار کە حکوومەتی مووسڵ بکەوێت، لە سەرەتادا واتە ڕۆژی ٦ی حوزەیران داعش تەنیا چەند گەڕەکێکی مووسڵی داگیر کرد، دواتر شەوی ٩ لەسەر ١٠ی مانگ مووسڵ بە تەواوەتی ڕادەستی داعش کراوە و ھێزە عێراقییەکان بەبێ بەرگری کشانەوە.

لەبارەی قەبارەی ئەوکاتی داعش بەرپرسەکەی پارتی گوتی: "دوو ژمارە ھەن ھەندێک پێیان وایە ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش کە ھێرشیان کردە سەر مووسڵ ٣٤٠ چەکدار بوونە و زانیارییەکی دیکە ھەیە، گوایە ٣٨٠ چەکدار بوون، بەڵام من پێم وایە ھەر ٣٠٠ چەکدار دەبوون، ھێرشیان کردە سەر مووسڵ، لە بەرانبەردا ٣٢ ھەزار چەکداری ھێزەکانی عێراق لە مووسڵ ھەبوون و بەبێ شەڕ ھەموو سەربازگە و چەک و تەقەمەنیی خۆیان ڕادەستی داعش کرد، ئەوە جێگەی گومانی ئێمە بوو."

عسمەت ڕەجەب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەگەر ھێزی پێشمەرگە و پاڵپشتیی ھەرێمی کوردستان نەبووایە ئەوە گرتنەوەی مووسڵ بۆ ھێزە عێراقییەکان شتێکی زەحمەت بوو، چونکە پێشمەرگە دەوروبەری مووسڵی ئازاد کرد و دواتر ڕێگەی دا ھێزە عێراقییەکان لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستان و سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە بچنەوە مووسڵ."

قائید میرۆ