Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خانەنشینیی ھەرێم بۆ KDP: شارەزایان ده‌كرێنه‌وه‌ فەرمانبەری ئاسایی

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەپێی یاسای چاكسازی مامەڵەیان لەگەڵ ئەو كەسانە دا كردووە، كە بە شارەزا دامەزراون، چونكە شارەزا پلە تایبەت نییە و گەڕاونەتەوە بۆ سەر پلەی خۆیان، كە فەرمانبەری ئاسایین. ڕەتیشی كردەوە كە مووچەیان بۆ ٣٠٠ھەزار كەم كرابێتەوە و باسی لەوە كرد، ھەیە مووچەی دەگاتە یەك ملیۆن دینار، ئەوەشیان بەپێی بڕوانامە و خزمەتە.

سەباح موخلیس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە وەكو خانەنشینیی ھەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای چاكسازی مامەڵەمان لەگەڵ ئەوانەدا كردووە كە بە شارەزا خانەنشین كراون، لە ماددەیەكیدا ھاتووە، پێویستە مووچەیان ھەموار بكرێتەوە و ببنە فەرمانبەری ئاسایی، چونكە شارەزا پلە تایبەت نییە و پلەی تایبەت لە بەڕێوەبەری گشتی بۆ سەرەوەیە، بەڵام شارەزا پلەی تایبەت نییە و تەنھا بەپێی خزمەت و بڕوانامە بۆیان ھەژمار دەكرێت و پلەی تایبەت پێویستە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێ بدات، بۆیە ئەوانەی پێشتر بە پلە تایبەت ھەژمار كراون و مووچەیان زیاد بووە، ئێستا پلەی تایبەت نەماون و بوونەتە فەرمانبەری ئاسایی".

موخلیس گوتیشی: "ئەوانەی كە بوونە فەرمانبەری ئاسایی، مووچەیان كەم دەبێتەوە، بۆیە ھەڵسان بە تانەدان لە بڕیارەكە و تانەكەیان ڕەت كرایەوە، چونكە پەرلەمان بڕیاری لێ داوە و پێویستە یاسا ھەموار بكرێتەوە تا  مووچەیان بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام لە ئێستادا حكوومەت پێویستی بە پارە ھەیە و چاكسازی دەكات، بۆیە ھەر یەك بەپێی خزمەت و بڕوانامە مووچەی پێ دەدرێت".

ناوبراو، ڕەتیشی كردەوە كە مووچەیان بۆ ٣٠٠ھەزار كەم كرابێتەوە، كە پێشتر مووچەیان زیاتر لە ملیۆنێك دینار بوو و گوتی ، لە ٤٠٠ هەزار تا ملیۆنێك مووچەیان دەست پێ دەكات، ئینجا چەند خزمەتی زۆر بێت و بڕوانامەی بەرز بێت، مووچەی زیاترە، بەڵام ھەندێك ئیمتیازاتیان ھەبوو لە پلەی تایبەت وەكو شارەزا، ئەوانە نەماون.

دەشڵێ: "ئێمە بەپێی یاسا مامەڵەمان لەگەڵ ئەوانەدا كردووە، كە وەكو شارەزا دامەزراون و كراونەتە پلە تایبەت، ئەمەش جێبەجێكردنی دادپەروەرییە و ئێستا مافی خۆیان وەردەگرن".

بەپێی ئامارێك، لە ھەرێمی كوردستاندا ٥٠٠ شارەزا ھەبوونە و پلەیان لە تایبەت بۆ فەرمانبەری ئاسایی گۆڕدراوە، كە ئێستا بەپێی خزمەت و بڕوانامە مووچەیان پێ دەدرێت.

 

بڵند ئیبراھیم