Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: چاوەڕێی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ لەندەن دەکەین

هه‌ولێر-KDP.info- دوای کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، "چاوەڕێی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ لەندەن" لەبارەی سەردانەکەیشیەوە دەڵێت، "سەردانەکەم بۆ درێژەدانە بە پەیوەندیمان لەگەڵ گەلی کورد، پەیوەندییەکی دێرینمان لەگەڵ گەلی کورد هەیە".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەریتانیا بەرزدەنرخێنین و سوپاسی پشتگیریی بەردەوامیان بۆ گەلی کوردستان دەکەین، هاوبەشی بەریتانیا 30 ساڵ پێش ئێستا دەستی پێکردووە کاتێک کە لە نیسانی 1991 بڕیاری 688ـیان دەرکرد. کە ئەوە سەرەتایەکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی بتوانێت پەیوەندییەکی دۆستانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروستبکات، لەو کاتەشەوە پەیوەندیمان لەگەڵ بەریتانیا هەمیشە بەردەوام بووە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی داعش رایگەیاند، "هاوشانی بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیان پابەندی خۆمان بە بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسی و هەڕەشەکانی داعش دووپات دەکەینەوە." هەروەها دۆمینیک راب لەبارەی رۆڵی پێشمەرگە دەڵێت، "ستایشی رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا دەکەم.. خۆشحاڵین بە کاری هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دۆخی ئافرەتان دەڵێت، "وڵاتانی جی حەوت 15 ملیۆن دۆلاریان تەرخانکردووە بۆ پشتگیری لە پەرەپێدان بە تواناکانی ئافرەتان و هیوادارین ئەو پاڵپشتییانە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بگرێتەوە".

یەکێکی دیکە لەو تەوەرانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدا بابەتی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا بوو کە بەپێی توێژینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر دەردەکەوێت، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "ئێستا لە هەرێمی کوردستان خەریکە کاریگەرییەکانی دەردەکەوێت و خەریکە وشکەساڵی دەبێتە کێشەیەکی رژدی لەبەردەممان.. ئێمە لە هەرێمی کوردستان پابەندین بە رێکارە نێودەوڵەتییەکانی خۆگونجاندن و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆرانی کەشوهەوا لە جیهان.. هەروەها لە هەرێمی کوردستان پلانمان بۆ کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکانی وەکو دووانە ئۆکسیدی کاربۆن داناوە."

رۆژی سێشەممە دۆمینیک راب گەیشتە بەغدا و لەلایەن فوئاد حوسێن، هاوتا عێراقییەکەی پێشوازی لێکرا، دواتریش لەگەڵ هەریەک لە سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە. هەروەها هەفتەی رابردوو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەردانی ئیسرائیل و سعودیەی کردبوو.