Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی ناوخۆ پاسەوانی بندیوار ناھێڵێت

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی بە دوو ھەنگاو کردووە لەبارەی یەکەی پاسەوانی لە ھەرێمی کوردستاندا، ئەوانیش نەھێشتنی پاسەوانی بندیوار و کەمکردنەوەی پاسەوانی سەرجەم بەرپرس و شوێنەکان، کە ئێستاش سەرقاڵن پاسەوانی وەزیر و پەرلەمانتار یەکلا دەکەنەوە.

حیکمەت محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە جیددی کار لەسەر پاسەوانان دەکات و بەردەوامیشە و کاری باشیان کردووە، بەڵام کاری زۆری دەوێت، چونکە کەمکردنەوەی پاسەوانانی ھەموو شوێنەکانە و ئەوەش ئاسان نییە و کاتی دەوێت، بۆیە رێکخستنەوەی بۆ دەکرێت و ھەر بارەگا و شوێنێک و بەرپرسێک پێداچوونەوە بە پاسەوانانیاندا دەکرێت، کە ھەر بەرپرس و بارەگایەک بەپێی پێویست پاسەوانی بۆ دەمێنێتەوە و ئەوانەی دیکەش دەبردرێن بۆ شوێنی دیکە ئەرکی خۆیان ببینن.

محەمەد گوتیشی، بۆ بەرپرسی سەربازیش پاسەوانیان لەسەر میلاکی سەربازی دەبێت و کاتێکیش خانەنشین دەبن، ئەوکات بۆیان دیاری دەکرێت کە چەند پاسەوانیان ھەبێت و پاسەوانیشیان لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ بۆ دیاری دەکرێت، هەروەها بۆ بارەگاکانیش بە ھەمان شێوە پاسەوانیان کەم دەکرێنەوە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئەوەی دیار بوو، پاسەوانی پەرلەمانتار و وەزیر و بەرپرسانی باڵا بوو، بەڵام ئەوانیش هێشتا کەم دەکرێنەوە، ئێمەش پێشنیازمان کردووە کەمتر بکرێنەوە، بۆیە ئەوەی پەرلەمانتار سێ پاسەوانی ھەیە، ئەوەیان ھەر وەکو خۆی دەمێنێت، چونکە یەکێک پاسەوانە و یەکێک شوفێرە و ئەوەی دیکەش بۆ جێگۆڕکێی دەوامە، بۆ وەزیرانیش ١٠پاسەوان بوو ئەوان ڕەنگە بکرێنە ھەشت، چونکە پێشنیازمان کردووە، لەبەر ئەوەی وەزیر کاری زۆرە و پێویستی پێ دەبێت بۆ کارەکان، بەڵام پێشتر ڕەنگە زیاتریش لە ١٠ پاسەوانیان ھەبووە ھەندێکیان، بۆیە رێکخستنەوەی بۆ دەکرێت.

دەشڵێ، بەپێی یاسای چاکسازی، کە کاری بەردەوامی بۆ دەکرێت، نابێت ھیچ پاسەوانێک بمێنێت دەوام نەکات و پاسەوانی ھەموو شوێنەکانیش رێک دەخرێنەوە و کەم دەکرێنەوە، بۆیە ئەمە پرۆسەیەکی درێژە و کاری بەردەوامی دەوێت و وەزارەتی ناوخۆش بەردەوام کاری بۆ دەکات تا تەواو دەبێت.

 

بڵند ئیبراھیم