Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەکەکە و بەتاڵەکان !..

د. سالار عوسمان 

⁃ دوا شەڕفرۆشتنی پەکەکە بە ھەرێمی کوردستان، مەبەستمان شەڕفرۆشیی ڕۆژی ٥ی حوزەیرانە، کە پێنج پێشمەرگەی قارەمانی تیادا شەھید کرا، جارێکی تر ئەو ڕاستییە ڕۆشنەی بۆ ھەمووان سەلماندووە، کە پەکەکە بەردەوامە لەو شەڕفرۆشییەی، کە نزیکەی ٣٠ سی ساڵە، ڕێک لەو کاتەی کە قەوارەی ھەرێمی کوردستان کەوتە سەرپێ تا ئێستا، دەیکات و وەک بڵێی جگە لەو ئەرکەی ئەرکێکی تری نەبێت، بەڕاستی جێی ھەڵوەستەیە، لە ھەمان دەمدا جێی دەیان پرسیاری ئەخلاقی و ویژدانییشە، چما پەکەکە ژیانی لە گوندییانی ناوچە سنوورییەکان تێکداوە؟.. چما واز لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان ناھێنێت؟!.. چما یەخەی پێشمەرگەی کوردستان بەرنادات و، ئەرێ ئەم شەڕە لە بەرژەوەندیی کێ دایە و قازانجەکەی دەچێتە گیرفانی کێوە ؟!..

⁃ ھەر بۆ وەبیرھێنانەوە، لە شەڕی داعش، ئەو کاتەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، بە ئیفتیخارەوە شەڕی دڕندەترین دوژمنیان وەئەستۆوە بوو، پەکەکە بە ئیستیغلالکردنی ئەو ھەلومەرجە، دەستیان بەسەر ھەندێ ناوچەی سەرسنووردا گرت، تورکیایش، وەک دیارە پەکەکە لە ھەر کوێ بێت بەدوایدا دێت و پەکەکەیش وەک ھەمیشە لە بەرامبەر ھێزەکانی تورکیا بەرگری ناکات و ڕا دەکات، ئاکام تورکیا شوێنەکان دەگرێت!.. لە نێو ئەم ھاوکێشەیەدا، ئەوەی زەرەر دەکات خەڵکی سڤیلی سەرسنوور و گوندەوارییانی ھەژار و ھەرێمی کوردستانە، دیسان دەپرسینەوە، پەکەکە بۆ لە بەرامبەر تورکیا بەرگریی ناکات و، ڕوونتر و بە شێوەیەکی تر دەپرسین، پەکەکە بۆ و لەبەرامبەر چی ئەم شوێنانە ڕادەستی تورکیا دەکات ؟!!

⁃ پرس و پرسیارێک، کە پتر موزایەدەچییەکان دەیوروژێنن، ئەویش ئەوەیە: پێشمەرگە بۆ جوولە دەکات؟!.. بەرسڤ ئەوەیە: پێشمەرگە جوولە دەکات تا خاک بپارێزێت، تا کوردستان و قەوارەی ھەرێمی کوردستان و خەڵکی بێ دیفاعی کوردستان بپارێزێت، کە پەکەکە و تورکیا دەیانەوێت بیانکەنە سووتەمەنی، بەڵێ هەرێمی کوردستان، خاک و نیشتیمانی پێشمەرگەیە و ئەرکی پێشمەرگەیە خاکی خۆی لەو داگیرکاری و یارییە نابەجێیە بپارێزێت.!..

⁃ پێشمەرگە بەرگری دەکات، نیشتیمان دەپارێزێت، بۆ پارراستنی نیشتیمان و قەوارە بەخوێن وەدیھاتووەکەی، پرس بە کەس ناکات و مۆڵەتیش لە کەس وەرناگرێت و مێژوویش شاھێدە، لە کوێ زوڵم و کەڵەگایی ھەبووبێت، پێشمەرگە لەوێ، بۆ ھەمووانی سەلماندووە، کە کوردستان بە ھەیبەتی پڕ شەرعیەتی یاسایی خۆیەوە سەردەکەوێت و ئەوەی دەکەوێت، دوژمن و ناحەز و بەکرێگیراو و سیاسییە گوماناوییەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەن، کە دەکەونە بەرنەفرەتی مێژووەوە !..

⁃ موزایەدەچییەکان، ئەوانەی کە لە بنەڕەتدا نە دۆستی پەکەکەن و نە لە خەمی کوردستان و قەوارەی ھەرێمی کوردستانن، دەبێ یەک ڕاستی بزانن، ڕاستییەکەیش ئەوەیە: ئەوان بەم موزایەدە بەتاڵانە، بە تاڵ دەچنە نێو مێژوو و، تەنھا دوو رێگەیشیان لە پێشە: یەکەم ڕێگا ئەوەیە، ئەوە عەرز و ئەوە گەز با شەری تورکیا بکەن و لە جیاتی مایک و میدیا، ئەگەر ڕاست دەکەن با دەست بدەنە تفەنگ، دووەم رێگایش ئەوەیە، کە بە پەکەکە بڵێن:  واز لەم شەڕفرۆشییە سیی ساڵییە بێنن و یەخەی ھەرێمی کوردستان و قەوارە شەرعی و خەڵکە ئاشتیخوازەکەی بەربدەن !..

⁃ دوماھی پەیڤ ئەوەیە: ھەرێمی کوردستان و حکومەت و خەڵکەکەی بڕیاری شەڕیان نەداوە، ئەوە پەکەکە و تورکیان بڕیاری شەڕیان داوە، بەڵام ھەرێمی کوردستان، سەربەرزانە بڕیاری ئەوەی داوە گەلی کوردستان، خاکەکەی، قەوارە بە دیموکراسیی ھاتووەکەی بپارێزێت و لەو پێناوەشدا، پشت بەستوو بە پێشمەرگە قارەمانەکانی، وەک چیا وەستاوە !..