Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاستیی ڕووداوی شەھیدکردنی پێشمەرگەکانی کوردستان لە چیای مەتین

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە فڕۆکە ھێزی پێشمەرگەی کردووەتە ئامانج ڕاست نییە، چونکە لێکۆڵینەوە کراوە دەرئەنجام دەرکەوتووە، پەکەکە بە ڕۆکێتی دژەتانک ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەی پێکاوە. ھەروەھا ئاماژەی بەوە کرد، پێشمەرگە زانیاریی دروستی ھەیە ئەو کردەوەیە چەکدارانی پەکەکە کردوویانە.

عەمید عوسمان محەمەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی  پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە فرۆکەی ئێف ١٦ ھێزی پێشمەرگەی لە چیای مەتین کردووەتە ئامانج بەو ھۆیەوە ئۆتۆمبێلێک سووتێنرا و پێنج پێشمەرگە شەھید بوون، ڕاست نییە و ئەو ئۆتۆمبێلە بە ڕۆکێتی دژەتانک پێکراوە و لەوکاتەدا ھیچ فڕۆکەیەکی جەنگی بە ئاسمانەوە نەبووە لەو ناوچەیەدا، بەڵکوو ئەو دەنگۆیانە میدیای پەکەکە و ھاوسۆزەکانیان دەیانەوێت خەڵکی پێ چەواشە بکەن، پرسیار ئەوەیە، چۆن و کێ زانی ئەوە فڕۆکەیە و جۆرەکەشی ئێف ١٦یە، دواتر چۆن و بە چ شێوەیەک شیکاری بۆ کردەوەیەک دەکرێ کە لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکە نەبی."

بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕووداوەکەی وەک خۆی باس کرد و گوتی: چەکدارانی پەکەکە بۆسەیان بۆ ئەو ھێزەی پێشمەرگە دانابوو بە چەکی مامناوەند و سووک تەقەیان لە ھێزی پێشمەرگە کردووە و لەکاتی تەقەکردنەکەشدا ڕۆکێتێک تەقیوە بەرەوڕووی زرێپۆشە پێکراوەکەی پێشمەرگە و بەو ھۆیەوە تەقێندراوەتەوە."

عەمید عوسمان محەمەد مستەفا گوتیشی: ''ئەگەر باس لەوە بکرێت ڕۆکێتەکە لە ئاسمانەوە ھاتووە، ئێمە ھەموومان لە بواری سەربازی تێ دەگەین، ڕۆکێتی دژەتانک ئێستا لە جیھاندا ئەوەندە پێشکەوتووە ئەو سەربازەی ڕۆکێتەکە دەتەقێنێ دەتوانێت جووڵەی بەرز و نزم بە ڕۆکێتەکە بکات و ئاڕاستەکەی بەپێی پێویست بگۆڕێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە دەستی ئێمەدایە خاڵی تەقاندنی ڕۆکێتەکە لە ئامانجەکەیەوە ١کم تا ٢کم دوور بووە، لەو ماوەیەدا ڕامی زۆر باش دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ڕۆکێتەکە بکات و دەتوانێت بەرزی بکاتەوە دواتر ئاڕاستەی ئامانجەکەی بکات لەسەر زەوی."

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە بڵاو کراونەتەوە لەسەر بوونی فڕۆکەی شەڕکەر لە ناوچەکەدا، عەمید عوسمان ڕەتی کردەوە کە لەو کاتەدا ھیچ جۆرە فڕۆکەی شەڕکەر بە ئاسمانەوە بووبێت و گوتی: ''ھەرکاتێک فڕۆکەیەک بە ئاسمانەوە بێت چەکدارانی پەکەکە لە ھیچ شوێنێک دیار نامێنن و خۆیان لە ژێرزەوی دەکەن و پێشتر زانیارییان پێ دەدرێت و دەزانن کە مەترسی ھەیە."

گوتیشی: "پێمان سەیرە چۆن ئەوان ھەستیان بە ھەبوونی فڕۆکە کردبێت و بە تەقەکردن لە پێشمەرگە شوێنی خۆیان ئاشکرا کردبێت و ئەو فڕۆکەیە ئەوانیشی نەکردووەتە ئامانج، چونکە ھەموو لایەک دەزانن فڕۆکەکانی تورکیا ئامانجی یەکەمیان چەکدارانی پەکەکەیە، نەوەکوو ھێزەکانی پێشمەرگە."

لە کۆتاییدا، ڕایگەیاند: "لەناو پێشمەرگەکانی ئێمەدا بریندار ھەیە کە بە گوللە پێکراوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە لوولەی تفەنگی چەکدارانی پەکەکە ڕووی لە ھێزەکانی پێشمەرگە بووە، نەک ئاسمان وەکوو ئەوەی میدیاکانی پەکەکە باسی لێوە دەکەن."

بڵند ئیبراھیم