Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئایا جۆبایدن ''دەرگای خێر'' بۆ کورد دەکاتەوە؟

دهۆک-KDP.info-  هەر لە کاتی سەرکەوتنی بایدندا هەموو فۆکسی جیهانی بەرەو کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین هات و ئاخۆ بایدن لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەدا چۆن دەتوانێ مامەڵە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناڤین بکات و بەتایبەتی کێشەی کورد لەگەڵ ئەو وڵاتانەی لە نێویاندا دەژین.

هەرچەندە هاتنی بایدن بۆ هەندێک وڵاتانی ئیقلیمی وەک فریادڕەس و بۆ هەندێكێشیان وەک دوژمن سەیر کرا، بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشی بوو بۆ کورد کەوا لەگەڵ ئیدارەی ئۆبامادا ئەو ئیدارەیە توانیویەتی بە شیوەیەکی باش مامەڵە لەگەڵ کورد بکات، و لە سەردەمی ترامپدا کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هیچ گەشەپێدانێکی بە خۆیەوە نەدی، بەڵکوو دژایەتیشیان کرد و لە چەندین شوێن و لە چەندین پرس، موسلم محەمەد بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''نوێنەری ئەمەریکا لە سووریا دووپاتی کردەوە ئەوان خۆیان دەزانن بۆچی سەرپەرشتیی گفتۆگۆ دەکەن وەک وڵاتێکی ''گرانتۆر''، هەرچەندە ئێمە وەک ئەنەکەسە ٣ پەیماننامەمان هەیە لەگەڵ پەیەدە و هیچیان لێ سەوز نەبووە، ئەمە زیاتر لە ساڵێکە ئەمەریکا کار بۆ ئەم دانوستانە دەکات و تا ئێستا هیچ لێ دیار نەبووە و کەس نازانێ کۆتاییی ئەم دانوستاندنانە چی دەبێت، چونکە ئیدارەی ئەمەریکا گۆڕدراوە و ئاخۆ بایدن چۆن دەتوانێ مەلەفی کورد لە هەنگاوێکەوە بۆ هەنگاوێکی تر بگۆڕێت."

ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە وای دەبینێت، دەتوانین ئەم دانوستانانەی کوردی-کوردی دەست پێ دەکەن و ئەگەر ئەم پرۆژەیە سەر بگرێت، ئەمە دەبێتە کاری یەکەمی ئەمەریکییەکان لە سووریا و پشتیوانیی کورد."

موسلم محەمەد، پرۆژەی نوێی ئیدارەی جۆ بایدن لە سووریا بە سێ خاڵ شی دەکاتەوە؛ یەکەم کۆتاییهێنان بە گرووپە تیرۆریستییەکان، دووەم: نەمانی نفووزی هەندێک وەڵاتانی ئیقلیمی و ڕیگەیان لێ بگیرێت و، سێیەمیان پرۆژەی نوێی یەکڕێزیی نێوماڵی کوردە، و ئەو دەڵێت: ''ڕاستە سیاسەتی ئەمەریکا بۆ دەرەوە نەگۆڕە و خاوەن وەڵاتێکی موئەسەساتییە، ئەگەر تەماشای باکگراوەندی بایدن بکەین ئەوکات جێگری سەرۆک ئۆباما بوو بۆچوونێکی کراوەی هەبوو بۆ کەیسی کورد، بەڵام کاری دیپلۆماسیی جیاواز بۆ دەرەوە هەن، لە هەردوو کابینەی پێشووتری ئەمەریکا سیاسەتەکەیان لە سووریا لاواز بوو، ئەوان هەم لە ناتۆ و هەم لە ئەنجومەنی ئاسایشدا زیاتر وەک چاودێر تەماشای ڕەوشی سووریایان دەکرد و کارا نەبوون لە گۆڕەپانی سیاسیی سووریادا."

هاوکات فادی مەرعی، شرۆڤەکاری سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "سیاسەتی ئەمەریکا لە بەرانبەر کەیسی کورد لە ڕۆژئاوا دیارە و لە هەموو کارەکاندا ئەوان تەنیا مامەڵەی سەربازییان کردووە، نەک سیاسی و بۆ چارەسەری سیاسیی نێوان لایەنەکانی کورد بۆ گەیشتن بە دیالۆگی کۆتایی وەک لایەنێکی گرەنتیکار مامەڵە ناکات، بەڵکوو وەک لایەنێکی کاتی لە سووریا مامەڵە دەکات."

'' ئێستاش ئەمەریکا بە هاوسەنگی مامەڵەی لەگەڵ کەیسی کورد نەکردووە و وەک وڵاتێکی گرەنتیکاریش کاری نەکردووە، ئاخۆ کێ بووەتە هۆکاری وەستانی دیالۆگی کوردی-کوردی و ڕفاندنی گەنجەکان و ڕیگەنەدان بە چوونی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ ڕۆژئاوای کوردستان." مەرعێ وا دەڵێ.

گوتیشی: ''تەنیا ئەوەی گۆڕانکاری لە گۆڕەپانی سیاسیی سووریادا ڕووی دا لە کاتی کابینەی پێشووتر و لە سەردەمی ترامپدا سنوورێک بۆ نفووزی وڵاتان دانرابوو، بەڵام لەم کابینەیەدا هێشتا گۆڕانگاریی سیاسیی ڕێژەیی نەبووە."

کــاروان بــاعەدری