Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پێشمەرگە: ھەر چوار ژوورەکە دەستیان بە کار کردووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، دوای رێککەوتنی ھەرێم و بەغدا بۆ دروستکردنی چوار ژووری ھەماھەنگیی ھاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ھەر چوار ژوورەکە دروست کران و لە هەر شوێنێک پێویست بێت، ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام دەدەن.

عەمید عوسمان ریشە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پاش رێککەوتنی ھەرێم و بەغدا لە بواری ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکان،  چوار ژووری ھەماھەنگیی ھاوبەش لە خانەقین و کەرکووک و مەخموور و سحێلا دروست کراون، کە لە ئێستادا ھەر چوار ژوورەکە دەستیان بە کار کردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، ئەو ژوورانە ئاڵوگۆڕی زانیاریی ھەواڵگری پێکەوە دەکەن و هەروەها کێوماڵی ناوچەکانیش دەکەن، بۆ ئەوەی لە ھەر شوێنێک پێویست بێت، ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام بدرێت.

ناوبراو گوتیشی، ھێشتا ھێزی ھاوبەش بۆ ئەو ناوچانە دروست نەبووە و بڕیارە ئەوانیش دروست بکرێن، چونکە پێشنیاز بۆ دروستکردنیان ھەیە، بەڵام لەم قۆناغەدا چوار ژووری ھاوبەش دروست کراون و ئێستاش کاری خۆیان دەکەن.

 

بڵند ئیبراھیم