Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوڵان، نەفرەتی چیا لە خیانەت و داگیرکاریی

هاودەنگ فاروق

شۆڕشی گوڵان، ئیسپات وجودی دوای گەلەكۆمەكێی دەوڵەتان بوو. نەعرەتەی هەرمان و بەگژداچونەوەی ڕووخان بوو، ئاودانی درەختی هیواكان و درەوشانەوەی نیگای مێژووبوو، شۆڕشی گوڵان نەفرەتی چیابوو لە خیانەت و داگیركاری بیابان، گوڵان مورەكەبی نوسینەوەی سەروەرییەكانی مێژووبوو بە دەست و قامكی بارزانی، سەرەتای دێڕی سەربەخۆیی و دەستپێكی وانە گەورەكانی ژیان بوو.

شۆڕشی گوڵان، لەدایكبوونی قۆناغێكی تازەی مێژوویی و ڕابوونێكی دیكەی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بوو بەڕووی ستەم و داگیركارییدا، ئەم ڕابوونە بەردەوامیی ڕەوتی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بە ڕێبەرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، شۆڕشێك كە ئاوێنەی ویست و داوا ڕەواكانی گەلی كوردستان و نوێنگەی ئیڕادەی مێژوویی كورد بوو، شکاندنی ئابلوقەی تەڕوادە و كرانەوەی دەرگای دیبلۆماتی دنیا بوو بەڕووی مەزڵومیەتی میللەتێكدا.. شۆڕشێکی هێندە هیوابەخش و پایەبڵند بوو، سەری لە ئاسمان دەسوی، گوڵان شەوەزەنگی نسکۆی ڕاماڵی، وەک مەلی تیژباڵ بەرەو ئاسمانی ئازادیی کوردستان هەڵكشا و فڕی و ئومێدی بەرخودان و هەرمانی بۆ گەلێك گەشاندەوە .

‎گوڵانی ۷٦ بۆ کورد تاكە هیوا و پەناگا و هەڵسانەوە بوو، ڕابوونەوەی میللەت بوو، ئەگەر (گوڵان نەبا، قرچەی خۆرەتاوی دوژمن دەیتواندەوە، بەڵێ دوای هەموو ئەم پیلان و مەرگەساتانە، پارتی و بارزانی نەچەمانەوە و هەرمانەوە و ئەركی پیرۆزی وەدیهێنانی سەربەخۆیی كوردستان و هەڵكردنی ئاڵای كوردیان لە نەتەوەیەكگرتووەكان خستووەتە سەرشان و تا وەدیهێنانی ئەو خەونە مەزنە ناسرەون.