Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جۆرج نیف سەردانی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی کرد

ھەولێر -KDP. Info- جۆرج نیف، کەسایەتیی سیاسی و چاڵاکی بواری ئابووری و بیزنس و خاوەنی گەورەترین کۆمپانیای (SA) وەشانخانە و چاپ و بڵاوکردنەوە لە ژنێڤ و دۆستی گەڵی کورد، سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)ی کرد.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڤاڵانی پەیوەندییەکانی دەرەوە وێڕای پێشوازیی گەرم و بەخێرهێنانی بەڕێز جۆرج نیف، لە دیداریاندا دیدگای پارتی دیموکراتی کوردستانی لەسەر پێشهاتە سیاسی و ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پرسەکانی ئاسایش و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانی شی کردەوە و لەگەڵ جۆرج نیف بە فراوانی گفتوگۆیان کرد لەسەر هەموو ئەو تەوەرانە کرد کە جێی بایەخی وڵاتی سویسڕان و پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەوە هەیە.

بەڕێز جۆرج نیف، ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان خستە ڕوو کە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی گشتگیرە لەسەر دۆخی سیاسی و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستانی دوای داعش و ڕێفراندۆم و ڕەهەندەکانی تێپەڕکردنی قۆناغە سەختەکانی ڕابردوو و دۆخی ئێستای سیاسی و پەیوەندییە ناوخۆیی، ناوچەیی و نیودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان و پێشبینییەکان بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان لە بەر ڕۆشناییی گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پرسەکانی ئاشتی و ئاساییش و سەقامگیری و پێکەوەژیان لە کوردستان و عێراقدا، هەروەها لێکتێگەییشتن و ڕێککەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ناوچە کیشەلەسەرەکان و پرسی بوودجە و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدراڵ و، سەرهەڵدانەوەی پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بە فراوانی بۆشاییی ئەمنی لەم ناوچانە پەیدا بووە، بەهۆی ئەوەی هێزەکانی عێراق بە تەنیا توانای دابینکردنی ئاساییشیان نییە بۆ خەڵکی ناوچەکە و دوورخستنەوەی پەلامار و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها پرسی ئاوارەکان و هاوکارییە مرۆیییەکان و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم، سەرەڕای ئەو گرفتانەی لە بواری مافە دەستوورییەکانی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا هەیە و ئەو کۆسپانەی دەخرێنە بەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و پرسی بوودجە کە بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرێت.

لە لایەکی ترەوە، باسی ڕێفۆرم و کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دووبارە ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکانی هەرێم و پرسی چاکسازی و گەشەپێدان لە دامەزراوەکانی هەرێم کرا. پرسی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان و کەلتووری پێکەوەژیان لە هەریمی کوردستان و پیشبینییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق و، دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە لە عێراق و، کێشەکانی سەر سنوور و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە کە زیانی بە ناوچە سنوورییەکان و ژینگە و ژیانی گوندنشینەکانی ناوچەکە گەیاندووە، تاوتوێ کران، هەروەها ملمڵانێی نێوان لایەنە ناوچەیی و نیودەوڵەتییەکان لە عێراق و، گرنگیی بەردەوامبوون و مانەوە و پشتیوانیی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی تیرۆر و بۆ هێنانە دیی ئاساییش و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە و هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم بۆ ڕێخۆشکردن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی و بەشداریی کارای هەموو لایەنەکان لە سیستەمی سیاسی و حوکمڕانیی عێراقدا بە فراوانی لە نێوان مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و جۆرج نیف ئاڵوگۆڕ کران کە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەو ڕاپۆرتەی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و پرسەکانی ناوچەکە پێشکەش بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی دەکات، بە تایبەتیش کە ئێستا حکوومەتی سویسڕا بەنیازە لە ئایندەیەکی نزیکدا باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا بکاتەوە بۆ گەشە بە پەیوەندییەکانی لە ناوچەکە بدات کە بەهۆی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراقی فیدراڵ و گرنگیی پێگەی هەریمی کوردستان لە ناوچەکەدا، لە ئایندەدا هەوڵی کردنەوەی کۆنسووڵگەری، یاخود ئۆفیسی نوێنەرایەتیی سویسڕا لە هەرێمی کوردستانیش دێتە ئاراوە کە لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی شەڕی داعش و ڕووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر زورێک لە وڵاتانی جیهان هەوڵەکانیان لەم بوارەدا دوا خست کە ئێستا هەریمی کوردستان وەک هەرێمێکی جیاواز و گەشەسەندوو لە ناوچەکەدا لە ڕووی ئاساییش و سەقامگیری و گەشەپێدانی دیموکراسی و سیاسی و ئابووری و بازرگانی و کەلتووری و... پێشکەوتنی خێرای بە خۆیەوە بینیوە و لە پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا زیاتر گرنگیی پێ دەدرێت.