ئامێدی-KDP.info- قایمقامی قەزای ئامێدی گوتی، لە سنووری قەزای ئامێدی بە گوژمەی پێنج ملیار و ٧٧٤ ملیۆن دینار پڕۆژەی نوێ و جۆراوجۆر لە ئامێدی و ھەرشەش ناحیەی سەر بەو قەزایە جێبەجێ دەکرێت کە ژمارەیان ٣٠ پڕۆژەیە.
قایمقامی قەزای ئامێدی، ئیسماعیل مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٥ ملیار و ٧٧٤ ملیۆن دیناری دیکەی بۆ قەزای ئامێدی تەرخان کردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سنووری قەزای ئامێدی جێبەجێ بکرێت."
ئیسماعیل مستەفا گوتیشی: "پڕۆژەکان لە قەزا و ناحیەکانی سەر بە قەزای ئامێدی جێبەجێ دەکرێن کە بریتین لە قەزاکە و شەش ناحیە و نزیکەی ٣٠ پڕۆژە دەبن و پڕۆژەکانیش لە چەندین بواری جیاجیادان. ئەمە جگە لەو پڕۆژانەی پێشتری قەزا ئامێدی جێبەجێ دەکرێت."
مستەفا باسی لەوەش کرد: "پڕۆژەکان لە بواری شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و بوارەکانی دیکەدان و ئێستا لە پارێزگا لە وردبینیکردندان کە تەواو بوون دەست بە جێبەجێکردنیان دەکەین."
بڵند ئیبراھیم