Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"شاندێکی ھەرێم بۆ پرسی بوودجە دەچێتە بەغدا"

بڕیارە لەم مانگەدا بەغدا بەشەبوودجەی ھەرێمی کوردستان خەرج بکات و ئەندامێکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیاییی داوە لە ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ پابەندبوونی خۆیان بە یاسای بوودجە ڕاگەیاندووە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دڵنیایی داوە لەم مانگەدا پشکی بوودجەی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئەو پارەیەی لە بەغداوە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، چەندە و بە چ میکانیزمێک دەبێت."

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەشڵێت: "بەغدا ئێستا خەریکی دابەشکاریی بوودجەیە بە پشکی ھەرێمی کوردستانیشەوە، ڕۆژانی داھاتوو شاندێکی ھونەریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بۆ ئالیەتی جێبەجێکردنی ماددەی ١١ی بوودجەی گشتیی عێراق."

شیروان میرزا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "حکوومەتی ھەرێم نووسراوی فەرمیی ناردووە بۆ بەغدا کە پابەندە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوانیان و شاندێک دەنێرنە بەغدا، لەبەر ئەوەش، ھیچ بەھانەیەک نییە بۆ ئەوەی بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبێت و خۆم باوەڕم وایە ئەم مانگە پشکی ھەرێمی کوردستان دەگات".

قائید میرۆ