Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی شارەوانی: گەورەترین گەڕەك لە ھەشتی حەسارۆك ئاوەدان دەكرێتەوە

هەولێر-KDP.info- دوای سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەسروور بارزانی بۆ كەرتی ھەشتی حەسارۆك، بڕیار درا خزمەتگوزاری بۆ ئەو گەڕەكە دابین بكرێت، سەرۆكی شارەوانیی ھەولێریش دەڵێ، رۆژانی داھاتوو لەسەر میكانیزمی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ھەشتی حەسارۆك، ئیدارەی ھەولێر كۆدەبێتەوە.

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، سەردانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كەرتی ھەشتی حەسارۆك، گەورەترین جەژنانە بووە بۆ ئەو ھاووڵاتیانەی زەوییان لە ھەشتی حەسارۆك ھەیە، چونكە چەندین ساڵە چاوەڕێی ئاوەدانكردنەوەی كەرتی ھەشتی حەسارۆكن، سەرۆكی حكوومەت لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە ئامادەكاری بكەن بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ھەشتی حەسارۆك، مەسروور بارزانی سەلماندی كابینەی نۆیەم، كابینەی گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ خەڵكی كوردستان.
سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر دەشڵێت، لە چەند رۆژی داھاتوودا  فەرمانگە پەیوەندارەكان لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر كۆدەبنەوە، تا میكانیزمی جێبەجێكردنی خزمەتگوزاری بۆ كەرتی ھەشتی حەسارۆك دیاری بكرێت و بە چەند قۆناغێك خزمەتگوزاری دەگەیەندرێتە هەشتی حەسارۆك و گەورەترین گەڕەكی لێ دروست دەكرێت، لەبەر ئەوەی لە زیاتر لە ١٦ ھەزار پارچەزەوی پێك ھاتووە.

ناوبراو روونیشی كردەوە، گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ھەشتی حەسارۆك، جگە لەوەی زیاتر لە ١٦ ھەزار كەس دەبنە خاوەن خانووی خۆیان و گەڕەكێكی گەورە ئاوەدان دەكرێتەوە، جووڵەیەكی زۆری خستووەتە بازاڕ لە كڕین و فرۆشتن، ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر بازاڕی ھەولێر، لەلایەكی دیكەوە ھەزاران ھەلی كار بۆ ھاووڵاتیان دەڕەخسێندرێت و خەڵكێكی زۆر دەبنە خاوەنی كار.

قائید میرۆ