Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئایدن مەعرووف: ھیوادارین عێراقیش وەك ھەرێم مامەڵە لەگەڵ پێكھاتەكاندا بكات

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پێكھاتەكان رایدەگەیەنێت، ھەرێمی كوردستان شوێنی پێكەوەژیان و ھەموو پێكھاتە و ئایینەكانە بە بێ جیاوازی، بۆیە ئەمەیان ھەمیشە جێی رێز و پێزانینە. دەشڵێ: "ھیوادارین لە عێراقیش بە ھەمان شێوەی ھەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ پێكھاتەكاندا بكرێت و گرفتەكان لە رێگەی ئاشتییەوە چارەسەر بكرێن".

ئەمڕۆ ١٦-٥-٢٠٢١، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، لە  تویتەری خۆی پەیامێكی بە بۆنەی رۆژی جیھانیی پێكەوەژیان بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە دا، كار دەكەن بۆ ئەوەی كوردستان بۆ ھەمیشە بە لانەی پێكەوەژیان، تەبایی و ئاشتی بمێنێتەوە و ھەروەھا جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە پشتیوانی لە پێكەوەژیان و ئاشتی لە سەرانسەری جیھان دەكەن.

لای خۆشیەوە، ئایدن مەعرووف، وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پێكھاتەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پەیامی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە رۆژی جیھانیی ئاشتیدا، كە ئەمڕۆیە، زۆر گرنگە و ئێمە لەگەڵ پێكەوەژیانی ئاشتیانەین لە نێوان پێكھاتە و ئایینەكان، لە ھەرێمی كوردستانیش پێكەوەژیان ھەیە و جیاوازی لە نێوان پێكھاتە و ئایینەكاندا ناكرێت، بۆیە پشتگیری لەو پێكەوەژیانە دەكەین و داواكارین باشتریش بێت".

وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پێكھاتەكان ڕوونیشی كردەوە: "ئەم ڕۆژە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دیاری كراوە و ئێمەش بە ڕێزەوە سەیری ئەو رۆژە دەكەین، هەر لەم رۆژەشدا داواكاری لە ھەرێم و عێراق دەكەین گرفتەكان بە شێوەی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن لە نێوان پێكھاتە و نەتەوەكاندا، كە بێگومان لە ھەرێمی كوردستاندا پێكەوەژیانی باش ھەیە و جێگەی رێزە و تەمەننا دەكەین لە عێراقیش بە ھەمان شێوە بێت".

بڵند ئیبراھیم