Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر: پلانی ئەمنی بۆ رۆژانی جەژن سەرکەوتوو بوو

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئەو پلانەی بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان دانرابوو، زۆر بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ کرا و ھەر ڕووداوێکیش رووی دابێت، بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.

عەمید دلێر نەجاڕ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەو پلانە ئەمنییەی لە شاری ھەولێر بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان دانرابوو، زۆر سەرکەوتوو بوو و پلانەکەش وەکو خۆی جێبەجێ کرا، بەڵام شاری ھەولێر، شارێکی گەورەیە کە پایتەختی ھەرێمی کوردستانە و رووداویش تێیدا ڕوو دەدات، بەڵام لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی دیکەوە، رێکاری یاسایی بەرامبەر ھەر رووداوێک گیراوەتە بەر.

نەجاڕ گوتیشی، لەناو ھەولێر چەندین بازگە دانرابوون و شەو و رۆژ لە ئەرکدا بوون بۆ بنبڕکردنی چەکی بێ مۆڵەت و هەروەها تیمەکانی پۆلیسیش بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی تری شاری هەولێر، لە هەموو شەقام و کوچە و کۆڵانەکان دەگەڕان، بە تایبەت لە شەقامەکانی ٣٠مەتری و٤٠مەتری و٦٠مەتری و هەروەها شەقامەکانی تر و ھەر رووداوێکیش رووی دابێت، بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕوونیشی کردەوە، پلانەکە گرنگ و سەرکەوتوو بوو، ھەم لە ڕووی پاراستنی خەڵک و ھەمیش گەشتیاران، کە بۆ سەیرانگاکانی سنووری ھەولێر هاتبوون و ھیچ کێشەیەکی ئەوتۆش رووی نەداوە جێگای باس بێت، بۆیە جەژنەکە تا ڕادەیەکی باش بە سەلامەتی تێپەڕی و پلانەکەی ئێمەش سەرکەتوو بوو.

بڵند ئیبراھیم