Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنم ھەلی کار بۆ ٥٠٠ کەس دەڕەخسێنێت"

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنم لە چەند رۆژی داھاتوودا دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکات و لە مانگی حەوتیشدا دەست بە بەرھەمھێنانی ئارد دەکات، کە ھەلی کار لە یەکەم قۆناغدا بۆ ٥٠٠ کەس دەڕەخسێنێت.

دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە چەند رۆژی داھاتوودا دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکات، کە بڕیارە ئەوەی ھەولێر ٢٥٠ھەزار تۆن وەبگرێت، لە پارێزگاکانی دیکەش پڕۆژەکان جارێ دەستیان بە کار نەکردووە، ئەگەرنا ھەمووی بۆ ھەولێر بێنن، دەبێتە ٥٠٠ھەزار تۆن، وەرگرتنی گەنمەکەش بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و کۆمپانیا دەبێت، کە بە چ نرخێک دەبێت و نرخەکەش لە بازاڕ گرانتر دەبێت.

شوکری گوتیشی، بڕیارە ئەو پڕۆژەیە لە مانگی حەوتدا دەست بە بەرھەمھێنانی ئارد بکات و لە یەکەم قۆناغیشدا دەرفەتی کار بۆ نزیکەی ٥٠٠ کەس دەڕەخسێنێت لەناو پڕۆژەکەدا، وەکو دابەشکردن و گواستنەوە و بریکار و لە دەرەوەش سوودی زۆری دەبێت بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار، بۆیە بەپێی ئەو پڕۆژەیە ھەموو جۆرە دانەوێڵەیەک بەرھەم دێت.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئەو پڕۆژەیە زۆر سایلۆ لە خۆ دەگرێت، لەگەڵ چەندین کارگەی بەرھەمھێنانی دانەوێڵە، وەکو ئارد و بڕوش و جۆرەکانی دیکە، بۆیە ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگە و دەتواندرێت ئارد بۆ نیوەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دابین بکات.

بڵند ئیبراھیم