Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەكتەبی سیاسی پارتی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پیرۆز ده‌كات

هه‌ولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەبۆنەی (59)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قى په‌یامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان:

بەڕێزان/ سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان

ئەمڕۆ(٥٩) ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیە تێكۆشەرەكەتان تێدەپەڕێت، ئەو رێكخراوە پیشەییەی بەردەوام خزمەتی توێژی مامۆستایانی كردووە و بۆتە سەكۆیەكی گرنگی خواست و ویستی سەرجەم مامۆستایانی کوردستان. 

 یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، كە بە رێنوێنی و راسپاردەی(بارزانی نەمر)دامەزرا، هەر لە سەرەتای كاركردنیەوە لە(١٥ـی٥ـی١٩٦٢)بە پلان و بەرنامەی  رێكخراوانە و پیشەییانە توانیویەتی دەستکەوتی زۆر و گرنگ بۆ توێژی مامۆستایان بەدیبێنێ، كە مایەی رێز و شانازییە بۆ گەلەكەمان بە گشتی و توێژی مامۆستایان بەتایبەتی.

 یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، شانبەشانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتدا وێرای ئەركی پەروەردەیی و فێركردن، بەشداری لە رەوتی سیاسی و چەكداری گەلەكەمانیش كردووە، لەو پێناوەشدا وەك رێكخراوێكی پیشەیی رۆڵی پێشەنگی هەبووە و هەوڵی زۆری داوە لەپێناو سەركەوتن و بەدیهێنانی ئامانجە پیشەییەكانی لە چوارچیوەی مافە سیاسی و فەرهەنگی و كوولتورییەكان دا.

لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەین و خەبات و تێكۆشانی رێكخراوەكەتان بەرز دەنرخێنین، ھاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ یەكێتیەكەتان دووپات دەكەینەوە و رۆڵی گرنگ و هەستیاری ئێوە بەهەند دەگرین و، هیوادارین وەك هەمیشە دڵسۆزانە و بەرپرسانە زیاتر برەو بە كار و چالاكییەكانتان بدەن و ھەوڵبدەن ئاستی پەروەردە و فێركردن بەرزتر بكەن و بەرەو پێشتری ببەن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی هۆشیار و سوودمەند، هەروەها داكۆكی لە مافە پیشەییەكانتان بكەن و دەستكەوتی زیاتر بۆ سەرجەم مامۆستایان بەبێ جیاوازی بەدیبێنن و داكۆكی لەو ئەزموونە و دەستكەوتەكانمان بكەن.

سڵاو و رێز و وەفاداریی بۆ دامەزرێنەران و سەرۆك و سكرتێرە پێشەنگەكانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان...

پیرۆز بێت(٥٩)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە ئێوە و سەرجەم مامۆستایانی كوردستان..

 

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

١٥ـی ٥ـی ٢٠٢١