Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ نەبی: حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە ئەم مانگە پشكی ھەرێم رەوانە بكات

ھەولێر-KDP.info- بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە ئەم مانگە پشكی ھەرێم رەوانە بكات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی پێك ھێناوە، بەڵام ئەگەر لیژنەكە لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھاوبەش بێت، ئەوكات بە ئاسانی و بێ كێشە و كەموكوڕی، پشكی ھەرێم مانگانە رەوانە دەكرێت.

دكتۆر فازڵ نەبی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەكی پێك ھێناوە بۆ ئەوەی لەم مانگەوە بەشەبودجەی ھەرێمی كوردستان رەوانە بكەن، چونكە ناردنی بەشەبودجەی ھەرێمی كوردستان پێوستی بە لیژنەیەكە، بۆ ئەوەی تاوتوێی بكات و رەوانەی بكات، بۆیە ناردنی بەشەبودجەی ھەرێمی كوردستان لەم مانگەوە ھەنگاوێكی گرنگە، بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراق پابەندی رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا بێت لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا".

فازڵ نەبی گوتیشی: "ئەوەی جێگەی تێبینییە، ئەوان لیژنەیەكیان لە مەكتەبی سەرۆكوەزیران پێك ھێناوە، ئەگەر نوێنەری ھەرێمی كوردستانی لەگەڵدا نەبێت، ھەندێك زەحمەتە و ئەگەر نوێنەری ھەرێم یاخود لیژنەیەكی ھاوبەشی ھەرێم و بەغدا ھەبێت، ئەوكات كارەكان ئاسانتر دەبن و پشكی ھەرێمی كوردستان زووتر و ئاسانتر و وەكو خۆی رەوانە دەكرێت بێ كەموكوڕی، بۆیە گرنگە ئەو لیژنەیەی پێك ھێندراوە، ھاوبەش بێت لە نێوان ھەرێم و بەغدا، هەروەها پێویستە لیژنەكەی ئێمە سێ نوێنەری تێدا بێت، ئەوانیش نوێنەری سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی، بۆ ئەوەی بتوانن ھەماھەنگی بكەن و بە ئاسانی چارەسەری كێشەكان بكەن، بەڵام ئەگەر لیژنەی ئێمەی تێدا نەبێت، رەنگە دەستاودەستی پێ بكرێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ئەو لیژنەیەی دروست كراوە، لەسەر ئاستی وەزیرەكان نییە و لە خوار وەزیرەكانە، چونكە وەزیرەكان سەرقاڵن و كاتی ئەو كارانەیان نییە و لەسەر ئاستی بریكارەكانە زیاتر، بۆیە گرنگە ئەوانەی دادەنرێن، خاوەن ئەزموون بن، كە ئەوكات كێشەكان زۆر بە ئاسانی چارەسەر دەكرێن، چونكە ماددەی ١١ دیارە و تەنھا دیاری دەكەن پشكی ھەرێم چەندە و یەكلایی دەكەنەوە و مانگانە پارەكە رەوانە دەكەن".

دەشڵێ: "دوو كێشە ھەیە چارەسەر بكرێن، ئەوانیش داھاتی ھەرێم كە نیوەی رادەست دەكرێت، لەگەڵ نەوت حیساب دەكرێت كە ٢٥٠ھەزار بەرمیلە و دیار دەبێت پشكی ھەرێم چەندە و رەوانەی دەكەن، بۆیە ئەگەر كەسانی تایبەتمەند دیاری بكەن، زۆر بە ئاسانی پشكی ھەرێم دیار دەبێت و مانگانە بێ كێشە رەوانە دەكرێت".

دكتۆر فازڵ ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر حیساب كرا، ئەوكات داھات و نەوتی ھەرێم كە ٢٥٠ھەزار بەرمیلە، حیسان دەكرێت چەندە و دواتر حكوومەتی عێراق بەپێی ئەوە پشكی ھەرێم حیساب دەكات و مانگانە رەوانەی دەكات.

 

بڵند ئیبراھیم