Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌رپرسێكى باڵاى سه‌ربازیى به‌ریتانیا كرد

هەولێر-KDP.info- ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠١٢/٥/٤ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازی له‌ به‌ڕێز مارشاڵ سامی سامپسۆن گه‌وره‌ ڕاوێژکاری به‌رگریی به‌ریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندێکی یاوه‌ریان کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش، جموجووڵى چه‌كدارى و چۆنیه‌تیى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى، ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، یارمه‌تى و هاوكاریى به‌ریتانیا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌هێزكردنى سیستمى به‌رگریى عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه،‌ پته‌وكردنى هاوبه‌شى و هاریكاریى زیاترى سه‌ربازیى به‌ریتانیا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربڕینى سوپاس و پێزانین بۆ ڕۆڵى به‌ریتانیا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ هاوكارى و پشتگیریكردنى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ تێكشاندنى داعش، جه‌ختى له‌ پێویستى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌رده‌وامیى ئه‌رك و پشتگیرى و هاوكاریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ له‌ناوبردن و نه‌هێشتنى یه‌كجاره‌كیى داعش و مه‌ترسییه‌كانى كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى هاوكاریى سه‌ربازیى به‌ریتانیاى بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ڕووى مه‌شق و ڕاهێنانى پێشمه‌رگه‌ و ڕۆڵ و به‌شدارى و پشتگیرى له‌ چاكسازییه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا‌ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێز كونسولى گشتیى به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ى بوو، شاندى میوان ستایش و پێزانینان بۆ ڕۆڵ و قوربانییه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ تێكشاندنى داعش ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها گرنگیى بوونى میكانیزمێكى تۆكمه‌ى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ به‌ پشتگیریى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌تى له‌و ناوچانه‌ى بۆشاییى ئه‌منییان هه‌یه‌ دووپات كرایه‌وه‌ و باس له‌ دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند بابه‌بێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش كرا.‌