Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خالید عەباس: لە دھۆک ٦٠ھەزار کارتی بایۆمەتری دابەش دەکرێت

دهۆک-KDP.info- دوای کۆتاییھێنان بە پڕۆسەی بایۆمەتری بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو پڕۆسەی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەستی پێ کردووە و بەرپرسی ئۆفیسی پارێزگای دھۆک دەڵێت، دھۆک لەو پارێزگایانەیە کە ڕێژەی بەرچاوی دەنگدەران بەشدارییان لە بایۆمەتری کردووە.

خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئەو ڕۆژەی کۆتایی بە پڕۆسەی بایۆمەتری بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو ھات، ٧٤%ی دەنگدەرانی پارێزگای دھۆک بەشدارییان لە پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدان کرد، ئەوەش ڕێژەیەکی باشە و دھۆک لە پێشەنگی پارێزگاکانی عێراقە بۆ بەشداریی ھاووڵاتیان لە سیستەمی بایۆمەتریی دەنگدەران."

بەرپرسەکەی کۆمسیۆن گوتی: "لە ئۆفیسی باڵاوە ٦٠ھەزار کارتی دەنگدان گەڕاونەتەوە و ئێستا لەنێو بنکەکانی کۆمسیۆنن لە دھۆک، لەبەر ئەوە، داوا لە دەنگدەران دەکەین سەردانی ئەو بنکانەی بایۆمەتری بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان."

خالید عەباس ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کارتەکان ھی ئەو دەنگدەرانەن کە ساڵانی ڕابردوو بەشداریی بایۆمەترییان کردووە و ئەوانەی لە کاتی خۆیدا بەشدارییان لە پڕۆسەی بایۆمەتریدا کردووە و بە کارتی نوێ بەشداریی دەنگدان دەکەن و بە پێچەوانەوە، ئەوانەی کارتی نوێیان نەبێت بە کارتی بێوێنە، واتە کۆن بەشداری لە ھەڵبژاردنی پێشخوەتە دەکەن."

قائید میرۆ