Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

موسلیم محەمەد: سووریا بووەتە جێی نفووزی وڵاتان

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info-  ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا دەڵێت، پاش تێپەڕبوونی زەمەنێک لە ململانێی ناخۆش لە سووریا هێشتا هەلێکی ڕاستەقیینە و واقیعی لەو وڵاتەدا لە گۆڕدا نییە کە بڵیین سووریا بەرەو باشتر دەڕوات، بگرە سووریای ڕاستەقیینە لە نێوان سێ نفووز و پێنچ هێزی سەربازیدایە، نفووزی ئەمریکایی لە ڕۆژهەڵاتی فورات بە ٢٥٪ و نفووزی تورکی بە ڕووبەری ١١٪ لە باکووری ڕۆژئاوا و نفووزی ڕووسی و ئیرانی بە ڕووبەری ٦٤٪ لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای سووریا.

ئاراستەی خۆپێشاندانێکی مەدەنی لە دژی ڕژێمی سووریا و بەشار ئەسەد گۆڕدرا بۆ شۆڕش و شەڕێکی ''نێوخۆیی''ی وێرانکەری دە ساڵی، ئەمەش هەر دە ساڵی جەنگ نا، بگرە هەزاران شەهید و بێسەروشوێن و کۆچبەری بە دوای خۆیدا هێنا.

موسلم محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''قەیرانی سووریا هیچ سەقامگیرییەکی بە خۆیەوە نەدیوە و سەرەڕای فۆکسی نێودەوڵەتی و هەرێمی، هیچ چارەسەرییەکی سیاسیی بە خۆیەوە نەدیوە، بگرە بەرەو داڕووخانێکی تری ئابووری ڕۆیشتووە و ژین و ژیار و گوشار و گەلەکومەکی زیاتر بەسەر گەلەکەیدا هاتووە و پارەکەیشی بەرەو خراپییەکەی گەورەی دابەزین ڕۆیشتووە."

ئاماژەیش دا: "هەڵبژاردنەکانی سووریا شانۆیەکی خراپ و ناشەرعییە بۆ دەربازکردنی ئەسەد و ڕژێمە خوێناوییەکەی و هیچ ئاساییکردنەوەیەک بە خۆیەوە نابینێت و ناتوانێت ڕەوایی بە خۆی بدات، چونکە بە درێژاییی دە ساڵە جەنگ لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەی دەکات بە کوشتن و بڕین و کۆچبەری و وێرانکردنی ژێرخانی ئاوەدانی و ئەمەش هیچ گۆڕانگارییەک بە خۆیەوە نابینێت."

کــاروان بــاعەدری