Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فەرماندەکانی پێشمەرگە: پێشمەرگە کەوتووەتە ئامادەباشی

کەرکووک-KDP. info-   دوای ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو و دەرکەوتنی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان ھێزەکانی پێشمەرگە ئامادەکارییان کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەر ھێرشێکی چەکدارانی تیرۆریستی داعش و فەرماندەکانی پێشمەرگەش ھەبوونی بۆشاییی ئەمنی بە ھۆکاری سەرەکیی بەھێزبوونی داعش دەزانن.

لیوا حەمە ڕێگر، فەرماندەی فەرماندەییی کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەکدارانی داعش لە سنووری کەرکووک ھەن، بەڵام قەبارەیان ئەوەندە زۆر نییە و توانای سەنگەر دادانیان نەماوە، واتە گرووپی تیرۆریستیی داعش ھەرگیز لە ڕووی ھێزەوە نابێتەوە داعشی سەردەمی دەرکەوتنی ساڵی ٢٠١٤، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوەی مەفرەزە لە زۆربەی ناوچە سوننەنشینەکان ھەن و تاکتیکی خۆیان گۆڕیوە.

ڕێگر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "داعش ئێستا تەنیا لە دەرفەت دەگەڕێت بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و جگە لە ھەندێ کردەوەی تیرۆریستیی سنووردار توانای بەرگرییان نەماوە، پێم وایە بۆ ڕێگریکردن لە ھەندێ کردەوەیان لە ناوچە کوردستانییەکان باشترین چارەسەر پڕکردنەوەی بۆشاییی ئەمنی و گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەیە، چونکە ئەگەر پێشمەرگە بگەڕێتەوە بێگومان کۆنتڕۆڵی ھەموو ناوچەکان دەکات."

عەمید نازم ھەرکی، فەرماندەی پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھۆکاری سەرەکیی دەرکەوتنی ئێستای داعش بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێتەوە؛ ھۆکاری یەکەم، بۆشاییی ئەمنی ھەیە لە نێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان، ھۆکاری دووەم، لاوازیی ھێزە عێراقییەکانە کە لە جادەی قیڕ زیاتر ناچنە ئەو ناوچانەی داعش تێیدا جووڵەی ھەیە، ئەگەر ئەو بۆشاییە ئەمنیەی ھەیە پڕ بکرێتەوە ئەوە چەکدارانی داعش ناتوانن لەو ناوچانە کردەوەی تیرۆریستی بکەن."

ھەرکی دەشڵێت: "ھەر بۆشاییی ئەمنی بە دەرفەت زانراوە لەلایەن داعشەوە ھێرشی سەر ھێزەکانی پێشمەرگە بکەن، بەڵام پێشمەرگە ئامادەکاریی باشی کردووە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەگەر داعش بیەوێت ھێرشی سەر پێشمەرگە بکات بەرپەچیان بداتەوە، نایشارینەوە خەڵکی ئەو ناوچانەی داعش ئێستا تێیدا بەھێزە ھاوکاری مانەوە و بەھێزبوونی داعشن لە عێراقدا بە گشتی"

قائید میرۆ