Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى حزبى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان ده‌كات

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/5/4 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ یاوه‌ریى به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك له‌ سلێمانى سه‌ردانى به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجى مه‌حموود سكرتێر و مه‌كته‌بى سیاسیى حزبى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستانیان كرد.

له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسیى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵه‌كان له‌پێناو یه‌كخستنه‌وه‌ و هاوهه‌ڵوێستیى هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا تاوتوێ كران. له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز سكرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان، هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستانى به‌ گرنگ و پێویست له‌ قه‌ڵه‌م دا و هه‌موو پشتگیرییه‌كى حزبى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستانیان بۆ دووپات كرده‌وه‌.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگیى به‌پیره‌وه‌چوونى ته‌واوى هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى به‌شدار و ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌تى بۆ هه‌وڵه‌كانى یه‌كڕیزى و دروستكردنى چوارچێوه‌یه‌كى هاوبه‌شى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان لایه‌نه‌كان كرده‌وه تا هه‌مووان پێكه‌وه‌ بتوانن سه‌ركه‌وتووانه‌ سه‌ختییه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنن و به‌ كارى پێكه‌وه‌یى به‌ره‌و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاو بنێن.