Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كاركردن لە پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان بەردەوامە

سلێمانی-KDP.info-  كارەكان بۆ تەواوكردنی قۆناغی یەكەمی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی كە ٣٤ كیلۆمەترە، بەردەوامە و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پڕۆژەكەش دەڵێت، ئێستا بەپێی ئەو پلانەی دانراوە ٢٤ كاتژمێر كاركردن لە شەقامەکە بەردەوامە، بە شێوەیەك كە ٩٠%ی بڕگەی ئاوبارە و پەیوەست بە ژێر شەقامەكە تەواو كراوە.

شاباز سدیق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە شێوەیەكی خێرا كار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی دەكرێت و لە تەواوی پڕۆژەكەدا زیاتر لە ٥٠٠ ئامێری جۆراوجۆر كار لە پڕۆژەكە دەكەن، لەم وەرزە نوێیەی كاركردنیشدا بە ڕەچاوكردنی لەباریی كەشوهەوا، كار لە بڕگەكانی ''بڕین، كۆنكرێت، پڕكردنەوە و ئەندەرپاس و پرد و ئینتەرچەینج''ـەكانی ناو پڕۆژەكە دەكرێت".

سدیق گوتیشی: "بەپێی ئەو پلانەی بۆ پڕۆژەكە دانراوە، ئێستا بە درێژاییی ٣٤ كیلۆمەتری ڕێگاكە بە بەردەوامی و بۆ ماوەی ٢٤ كاتژمێر لەلایەن تیمەكانمانەوە كاركردن لە ئۆتۆبانی بابان بەردەوامە، بە شیێوەیەك ٩٠%ی بڕگەی ئاوبارە و پەیوەست بە كاری ژێر شەقامەكە و بەشێكی زۆر كاری بڕین و كۆنكرێت و پڕكردنەوە جێبەجێ کراوە و، ئێستاش كار لەسەر سەرجەم ئەندەرپاس و پردەكان دەكرێت، حكوومەت و سەرجەم لایەنەكانیش هەماهەنگن و ئومێد دەكەن لە كاتی دیاریكراودا پڕۆژەكە تەواو بكرێت، كە قەیوان گرووپ، بە ڕەچاوكردنی بەرزترین كواڵێتیی جێبەجێكردنی ڕێگەوبانی سەردەم، كار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان دەكات."

هەر سەبارەت بەچۆنیەتیی بەڕێوەچوونی كارەكانی شەقامەكە، بارزان حامد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لیژنەی پلان و پڕۆژەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی خستە ڕوو: "كارەكان بە شێوەیەكی خێرا و بە كواڵێتیی بەرزی ئەندازیاری بەڕێوە دەچن، چەند جارێك سەردانی پڕۆژەكەمان كردووە، كارەكان وەك ئەوەی لە تەندەرینی پڕۆژەكە هەیە و دانراوە بەڕێوە دەچێت، بێگومانیش لە داهاتوودا بەپێی چوونەپێشی قۆناغەكانی پڕۆژەكە سەردانی دیكەمان دەبێت و لە هەرشوێنێك كەموكورتی و گرفت هەبێت، بەدواداچوونی بۆ دەكەین و لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار دەكەینەوە".

جێی ئاماژەیە، پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان، كە یەكێك لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستانە، نۆ مانگە بە شێوەیەكی چڕوپڕ‌ و بە پلانێكی گونجاو لەلایەن تیمە ئەندازیارییەكانی سەر بە گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان بە كواڵێتییەكی بەرزی بواری جێبەجێكردنی ڕێگەوبانی مۆدێرن جێبەجێ دەكرێت، بە تەواوبوونیشی كێشە و گرفتەكانی هاتوچۆ و جەنجاڵیی شەقامەكان لە پارێزگای سلێمانی تا ڕادەیەكی باش چارەسەر دەكات، ئەمە بەدەر لەوەی كە دەبێتە هۆی بووژانەوە و گەشەسەندنی لایەنی ئابووری و گەشتیاری.

ئەرسەلان ئەحمەد