هه‌ولێر-KDP.info- سكرتێرى په‌رله‌مانى كوردستان له‌بارەی هه‌وڵه‌كانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان بۆ پرسى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور رایده‌گه‌یەنێت، له مانگى ڕابردوودا له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان بڕیار دراوه كه تاوه‌كو 15ى ئه‌م مانگه سه‌رجه‌میان سه‌رنج و تێبینییه‌كانیان له‌باره‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستانەوە پێشكه‌ش به ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى بكه‌ن.
دەشڵێ، دەسته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان ده‌یه‌وێت پرسى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان دوور له ململانێى سیاسیى یه‌كلا بكرێته‌وه.
مونا قه‌هوه‌چى، له لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وه‌كو ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان لە 12ى 4ى 2021 كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجام دا سه‌باره‌ت به پرسى ده‌ستوور و، به فه‌رمى داوامان له سه‌رجه‌م سه‌رۆكفراكسیۆنه‌كان كرد كه داوا له لایه‌نه سیاسییه‌كانى خۆیان بكه‌ن ڕا و سه‌رنج و تێبینییه‌كانیان له‌باره‌ى ده‌ستوور بگه‌یەننه سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان تا 15ى ئه‌م مانگه، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین پڕۆژه‌یه‌كى نیشتیمانیی هاوبه‌ش ئاماده بكه‌ین".
سكرتێرى په‌رله‌مانى كوردستان گوتیشى: "ته‌واوى ئەو لایهنانەى له په‌رله‌مان خاوه‌ن كورسین و ئەوانەی له ده‌ره‌وه‌ى پهرلهمانیشن، مافى خۆیانه ڕا و بۆچوونى خۆیان هه‌بێت له‌سه‌ر پرسى ده‌ستوور، چونكه پرسێكى نیشتیمانییه و په‌یوه‌سته به چاره‌نووسى خه‌ڵكى كوردستان، بۆیە ده‌مانه‌وێت ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان به شێوازێك تێپه‌ڕێت كه‌وا له ئاستى چاوه‌ڕوانیى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بێت و، له كه‌شێكى ئارام و له ده‌ره‌وه‌ى ململانێى سیاسى و به ته‌وافووق ئه‌و پڕۆژه گرنگه به‌ده‌ست بێنین".
قه‌هوه‌چى دەشڵێ: "گرنگه ته‌واوى دامه‌زراوه باڵاکانی هه‌رێمى كوردستان بێنه سه‌ر خه‌ت و پرسى ده‌ستوور به گرنگ وه‌ربگرن، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانیش له كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان یه‌كێك له بڕگه‌كانى سه‌ردانه‌كه‌ى ئەوەیە، پرسى ده‌ستوور تاووتوێ ده‌كات، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكى گرنگه و ته‌واوكه‌رى ڕا و بۆچوونى لایه‌نه‌كانه، بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ینه رێكکه‌وتن تا بتوانین له ده‌ره‌وه‌ى ململانێ و به‌رژه‌وه‌ندیى لایه‌نى سیاسی، ده‌ستوور ئاماده بكه‌ین".
لە خولی چوارەمی پەرلەماندا، 51 ماددەی رەشنووسی دەستوور کۆدەنگییان لەسەر کرا و، لە خولی پێنجەمیشدا گەیشتنە 72 ماددە، بەڵام چەند ماددەیەک خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان بوون، ئه‌مه‌ش واى كرد مادده‌كانى تر ته‌واو نه‌كرێت. له‌م باره‌یه‌وه، قه‌هوه‌چى گوتى: "بۆ ئالیه‌تى كاركردن له‌سه‌ر ده‌ستوور، كه ئه‌وه‌ى له خوله‌كانى پێشوو كارى له‌سه‌ر كراوه، پێویستە ته‌واو بكرێت به هه‌مان ئه‌ندام یاخود سه‌رله‌نوێ ده‌ست به نووسینه‌وه بكه‌ین، ئه‌و كێشه‌یه‌مان جێهێشتووه بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كان تا خۆیان بڕیار بده‌ن، ئێمه كێشه‌مان نییه و گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م پرسه چاره‌سه‌ر بێت و ببێته پڕۆژه‌یه‌كى هاوبه‌شى نیشتیمانى و له كه‌شێكى ئارام‌دا كارى له‌سه‌ر بكه‌ین".
نه‌شوان به‌رزنجى