Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بنکەی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە (کەی وەن) ده‌کرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکوومەتی عێراق ئاشکرای کرد، بە ھۆی زیادبوونی مەترسیی داعشەوە، حکوومەتی عێراق رازی بووە کە بنکەی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەی (کەی وەن) لە کەرکووک بکرێتەوە، کە پێشتر خاڵی ناکۆکی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق بوو.

سەرچاوەکە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، حکوومەتی عێراق پێشتر رازی نەبوو کە بنکەی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە (کەی وەن) بکرێتەوە و بە ھەموو شێوەیەک ڕەتی دەکردەوە، پێشمەرگەش رازی نەبوو لە شوێنی دیکە بکرێتەوە، کە ئەمەش خاڵی ناکۆکی نێوان ھەردوولا بوو، بۆیە دروستکردنی چوار ژووری ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکان، لەبەر ئەوە دواکەوتبوو.

گوتیشی، ئێستا بە ھۆی زیادبوونی مەترسیی داعش و ھێرشی رۆژانەی تیرۆریستان بۆ سەر ھێزە عێراقییەکان، حکوومەتی عێراق رازی بووە کە بنکەی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپا لە (کەی وەن) لە کەرکوک بکرێتەوە.

لای خۆشیەوە، لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە. بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، حکوومەتی عێراق  داوای کردووە بە زووترین کات ژووری ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن، چونکە دەمێکە بڕیاری لێ دراوە و داوا کراوە بە زوویی جێبەجێ بکرێت و دەست بە دروستکردنیان بکرێت.

لیوا قارەمان باسی لەوەش کرد، پێشتر فەرمانیان دەرکردبوو بە بێ پرس و ڕاوێژ بە ئێمە و ئێمەش ڕەتمان کردەوە، بۆیە ئێستا بە ھۆی مەترسیی داعش رازی بوونە ئەو کارە بە ھاوبەشی بکرێت و بە رەزامەندیی ھەردوولا بێت، بۆیە دەست بە رێکارەکان دەکرێت، بۆ ئەوەی ئەو چوار ژوورەی بڕیاریان لێ دراوە، دروست بکرێن، چونکە داعش بووەتە مەترسییەکی جیددی.

 

بڵند ئیبراھیم