Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری گواستنەوە: لیژنەیەکی تایبەت کار لەسەر پڕۆژەی فڕۆکەخانەی دھۆک دەکات

دهۆک-KDP.info- فڕۆکەخانەی دھۆک زەویی بۆ دابین کرابوو و بڕیار بوو پێش قەیرانی دارایی دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت، بەڵام پڕۆژەکە تا ئێستا بە کردار نەچووەتە بواری جێبەجێکردن. وەزیری گواستنەوە و گەیاندنیش دەڵێت، مەلەفی فڕۆکەخانەی دھۆک لە وەزارەتە و لیژنەیەکی تایبەت پێداچوونەوەی بۆ دەکات.

ئانۆ جەوھەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "مەلەفی پڕۆژەی فڕۆکەخانەی دھۆک لە وەزارەتی گواستنەوەیە و لیژنەیەکی تایبەت بۆ ھەڵسەنگاندنی پڕۆژەی فڕۆکەخانەی دھۆک پێک ھاتووە، بەپێی یاسا لیژنەکە کاری خۆی دەکات و ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە دەکەن، ئێستا پڕۆژەی فڕۆکەخانەی دھۆک لە قۆناغی پێداچوونەوەدایە."

ئانۆ جەوھەر ڕوونی کردەوە: "کارکردن لەسەر پڕۆژەکە بەردەوام دەبێت تا دەگەینە قۆناغی کۆتایی و ھەرکاتێک لیژنەکە گەیشتە قۆناغی کۆتایی ھەڵسەنگاندنی خۆی کرد بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە ئەوکات ئێمە وردەکاریی دەستپێکردنی پڕۆژەی فڕۆکەخانەی دھۆک بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین، لەبەر ئەوەی کاتەکەی دیار نییە، چونکە دەستپێکردنی پڕۆژەکە پەیوەستە بە کارەکانی ئەو لیژنەیەی پێداچوونەوە بۆ پڕۆژەکە دەکات.''

قائید میرۆ