Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، دۆخى عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

ئیواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/5/3 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر پێشوازى له‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د حه‌لبووسى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دۆخى عێراق به‌گشتى، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و پێشبینییه‌كان بۆ نه‌خشه‌ى سیاسیى داهاتووى وڵات، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسییه‌كانى داعش و جموجووڵه‌كانى، هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان لایه‌نه‌كان له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریدا، دۆخى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر پێویستى و گرنگیى كارى پێكه‌وه‌یى و نیشتمانیى هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان و لایه‌ن و پێكهاته‌كانى وڵات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دییه‌كان و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان و پاراستنى یه‌كڕیزى و ته‌بایى له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریى وڵاتدا، هه‌روه‌ها هیوایان خواست ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانییه‌كانى هاووڵاتیان بێت له‌ سه‌قامگیرى، خزمه‌تگوزارى و ژیان و داهاتوویه‌كى باشتر.