Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا بەهجەت سێلکی: سوپای عێراق کەمتەرخەمە لە چارەسەرکردنی بۆشاییی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق

هەولێر-KDP.info- دەبێ هەڵبژاردنی ئایندەی عێراق چارەسەری ئەو کێشە سەربازییانەی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بکات کە لە نێوانیاندا بۆشایییەکی گەورەی ئەمنیی دروست کردووە و داعش تەراتێنی تێدا دەکات. بەرپرسی هەواڵگریی گشتیی فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی دەڵێت، گۆڕانکاری حوکمڕانی زۆر گرنگ نییە ئەگەر عەقڵیەتی حوکمڕانییەکە نەگۆڕێت و سوپای عێراقی گرنگی بەو ڕێککەوتتنانە نادا کە وەزارەتی پێشمەرگە دەیەوێت جێبەجێ بکرێن تا ئەو بۆشاییە ئەمنییە سەربازییانە نەمێنن و داعش چالاکی نەکات دژی پێشمەرگە و سوپای عێراق.

لە دواى ڕووخانی خەلافەتی تیرۆریستانى داعش لە مووسڵ و ناوچەکانى ژێردەسەڵاتیان، تیرۆریستانی داعش بە شێوەی جۆراوجۆر و لە شوێنە جیاوازەکانەوە دەستیان کردووە بە جووڵە و چالاکیی تیرۆریستی بەڕێوە دەبەن. نزیکترین ڕێکەوت، ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو بوو کە هێرشیان کردە سەر ڕەبیەیەکی پێشمەرگە و سێ پێشمەرگەیان شەهید و دوویان بریندار کردن. ئەگەر بێت و تێکەڵکێشی بە گۆڕانکاری لە حکوومەتی عێراقدا بکەین و ڕێککەوتنێکی تۆکمە بکرێت ئایا چارەسەری ئەم حاڵەتانە دەکات لەم سنوورانەی بۆشاییی ئەمنی هەیە لە نێوان پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق.

لیوا بەهجەت سێلکی، بەرپرسی هەواڵگریی گشتیی فەرماندەییی پێشمەرگەی زێرەڤانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای ۲۰۱۷ بۆشاییی ئەمنی لەم ناوچانە درووست بووە، تایبەت لە دوای ۱٦ ئۆکتۆبەر کاتێک پێشمەرگە لەم ناوچانە نەما، جەیشی عێراقی بە تەواوی سنوورەکەی کۆنتڕۆڵ نەکرد و ئیهمالییەکی زۆری کردووە، بۆیە هەلێکی باش بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ڕێک کەوتووە و دەتوانن بە ئاسانی چالاکییەکانیان لەم ناوچانە بەردەوام بکەن."

هاوکات، ماوەیەکی زۆرە لە نێوان جەیشی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، خەریکی چارەسەری ئەم کێشەیەن، بەردەوام شاندی وەزارەتی پێشمەرگە دەچنە بەغدا، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی وەها کە چارەسەرێکی جددی و هەماهەنگی بدۆزرێتەوە لە نێوانیاندا، کە چەندین مەجال دروست کرا و ڕووپێوی ناوچەکە کرا و خاڵەکان دەستنیشان کران، بەڵام تاوەکوو ئیستا لایەنی عێراقی هیچ گرنگیی بەو ڕێککەوتن و کارانە نەداوە و خاڵەکان جێبەجێ نەکراون."

لیوا بەهجەت، گوتیشی: "ئەم شانە نوستووانەی داعش کە ناوە ناوە چالاکیی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، زۆربەیان لە کەرکوک و دەوروبەری کەرکووکن کە عەرەبی سوننی و شیعیش، ئەوانەی پێشر لە کەرکووک نەبوون لە دوای ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە کەرکووک دروست بوو و پێشمەرگەی لێ نەما، هاتوونەتە نێو کەرکووک و شارەکە تەعریب کراوە و مەجال بۆ تیرۆریستانی داعش خۆش کراوە کە بە ئازادی هاتوچۆ بکەن."

ئەو لیوایەی هێزی پێشمەرگە گوتی: "پێم وایە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و گۆڕینی ستافی حکوومەتی عێراق و ڕێککەوتنی نوێ، هێشتا باوەڕ ناکەم چارەسەری ئەم حاڵەتانە بێت، چونکە گۆڕانکاری لە حکوومەت با هەر بکرێت، ئەگەر عەقڵیەتەکە گۆڕانی بەسەردا نەیەت و وابیر بکرێتەوە بە ڕێککەوتنێکی تۆکمە چارەسەری ئەم کێشانە بکات، کە جارێکی تر ڕێکخراوە تیرۆیستییەکان زەفەر بە هێزی پێشمەرگە و سوپاس عێراق و هەدنێک جار حەشدی شەعبی نەگەیەنن."

هەر بەم هۆکارە، ئێوارەی دوێنی ۲ی ئایاری ۲۰۲۱، شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە، بە سەرپەرستیی فەریق جەمال ئیمینکی، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەشدار بوو لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی سەربازی و ئەمنیدا کە لەلایەن مستەفا کازمییەوە سەرپەرشتی کرا لەبارەی ئەو هەڕەشە جددییانەی داعش، بۆیە بڕیار درا بە زیاتر چالاککردنی هەماهەنگی و کارە هاوبەشەکانی لیژنە هاوبەش و تیمە هاوبەشەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پێشمەرگە لە سەنتەرە هاوبەشەکانی نێوانمان و پڕکردنەوە بۆشایییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان تا ڕێگر بین لە دووبارەبوونەوەی کاری لەو جۆرە و زیاتر پتەوکردنی پشتێنە ئەمنییەکان و زیادکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان."

 

فایزە کۆیی