Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خانەنشینی ھەرێم: لەیاسای چاکسازیدا نانبڕاوکردن نییە.. (7000) کەس مووچەیان ڕاگیراوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستیان کردووە بە راگرتنی مووچەی ئەو کەسانەی زیاتر لە مووچەیەکیان ھەیە و تەنھا یەک مووچەیان پێ دەدرێت و ئەوەی دیکە دەبڕدرێت، تا ئێستاش حەوت ھەزار کەس مووچەیان راگیراوە، بەڵام کەس نانبڕاو ناکرێت و پێویستە یەک مووچە وەربگرێت.

سەباح موخلیس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەکو خانەنشینیی ھەرێمی کوردستان، ١٤ بەڕێوەبەرایەتیمان لە سەرجەم ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و داوامان لە سەرجەمیان کردووە کە ھەر کەسێک زیاتر لە مووچەیەکی ھەیە، رایبگرن، بۆیە ئەوان یەکلای دەکەنەوە کە کێ زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرێت و بڕیارە ئەوەی زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرێت رایبگرن، کە تاوەکو ئێستا حەوت ھەزار کەس مووچەیان راگیراوە، بەڵام ھێشتا ماوە و پێویستە ھەمووی کۆبکەینەوە، ئەوکات ئاماری دروست دیار دەبێت چەندە".

موخلیس گوتیشی: "ئەو کەسانەی مووچەیان راگیراوە، پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆیان بکەن، بۆ ئەوەی بزانرێت ھۆکار چییە مووچەکەیان راگیراوە، کە نابێت لە مووچەیەک زیاتریان ھەبێت، چونکە ئەوانەی زیاتر لە مووچەیەکیان هەبێ، لە تۆماری بایۆمەتری دیار دەبێت، بۆیە پێویستە پشتگیری بێنن لە بایۆمەتریی ھەرێم بۆ سەلماندنی ئەوەی کە یەک مووچەیان ھەیە و ئەگەر زیاتر لە موچەیەکیش بوو، یەکێکیان دەبڕدرێت و تەنھا یەک مووچەیان پێ دەدرێت".

ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئەوەی بە نایاسایی مووچەیان وەرگرتبێت، زیاتر بێت لە مووچەیەک، یەکێکیان راستەوخۆ دەبڕدرێت، چونکە لە یاسای چاکسازیدا نانبڕاوکردن نییە، بەڵام رێگەشیان پێ نادرێت دوو مووچە وەربگرن.

 

بڵند ئیبراھیم