Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ: مووچەی خانەنشینانی ناوخۆ زیاد دەکرێت

هەولێر-KDP.info- پڕۆژەیاسایەک بۆ ھەموارکردنەوەی مووچەی خانەنشینیی ھێزەکانی ناوخۆ ئامادە کراوە و بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، دوای پەسەندکردنی، مووچەی خانەنشینیی ھێزەکانی ناوخۆ بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکرێت.

حیکمەت محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەھۆی یاسای خانەنشینییەوە، ھێزەکانی ناوخۆ لە کاتی خانەنشینیدا مووچەیەکی زۆر کەمیان بۆ دەبڕێتەوە، چونکە مووچەی خانەنشینی لەسەر بنەمای مووچەی بنەڕەتیی ھەر فەرمانبەر و کارمەندێکی ناوخۆ دیاری دەکرێت، ئەوەش وای کردووە زۆربەی ئەندامانی ھێزەکانی ناوخۆ لە دوای خانەنشینبوونیان مووچەیەکی کەم وەربگرن."

بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ گوتی؛ "پڕۆژەیەک ئامادە کراوە و لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنیی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانە، دوای پێداچوونەوە، پڕۆژەیاساکەی ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی بخرێتەوە کارنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە."

حیکمەت محەمەد ڕوونی کردەوە: "بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایەی ئامادە کراوە ڕەوشی ئابووری و داراییی ھێزەکانی ناوخۆ لەبەرچاو گیراوە و دوای خانەنشینکردنیان مووچەیەکی شایستەیان بۆ دیاری دەکرێت، نەک ئەو مووچە کەمەی ئێستا وەری دەگرن، لەبەر ئەوەش، پێشبینی دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پڕۆژەیە بێتە پەرلەمان و بتوانین بەپێی خزمەت و ئەرکی پیرۆزی ئەو ھێزانە مووچەیان بۆ دیاری بکەین."

قائید میرۆ