Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگه پێویستیەکی مێژوویی یه

یونس حەمەد

له سێپتەمبەری رابردوودا تا مێژووی ئەمڕۆمان هەولێری پایتەخت سێ جار لەلایەن میلیشیاکانەوە مووشکباران کرا، هەر یەك لەم مووشەکانه ئەگەرچی ئامانجە ترسنۆکیەکەی نەپێکا، بەڵام ئەم کردەوەیه حیساب بۆ کراوە، چ لەلایەن کوردەوە یاخوود کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، چونکه هەولێر لەدوای 1996وە بۆته ناوەندێکی ئارامی و سەقامگیر بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، وێڕای ئەمەش وەک سەنتڕاڵێکی بەرزی ئابووری و گەشەسەندوو ئاماژەی بۆ دەکرێت، جا لێرەدا ئاماژەکان وەک چاوێک هەمیشە لەسەریدا هەیه بەتایبەت چاو و هەستی تیرۆرست و میلیشیاکان! هەولێر وەك مەقام و جێگا وشوێن نەوەك به تەنیا باشوور، بەڵکو لە هەر چوار پارچەی کوردستان و هەتا وەکو ناوچەکەدا  وەکو ئارامگەیەك لێی دەڕوانرێت، هەر کێشەیەك ئەگەر رووبدات ئەوە هەولێر ناوەند و سەنتڕاڵه بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشەو ئاڵۆزییانه، ئەوە تەنیا قسە و باس نیه، بەڵکو به کردەوە هەولێر ئەوەی سەلماندووە که بەڵێ ئەم شارە وەك شاری شاران رێز گیراو بووە، بۆیە هەولێر بۆتە پەناگا بۆ دۆست و خۆشەویستان لەملاشەوە بۆتە چەقڵی چاوی چاوهەڵنەهاتوو و تیرۆریست و میلیشیا ( بەڕەڵایەکان) .. کورد به گشتی گەلێکی ئاشتیخوازە، گەلێکه ئارەزوو له خۆشی دەکات، هیچ کات دەستپێشخەری نه شەڕ و نه جەنگ بووە، بەڵام هەرگیز خۆی بەدەستەوە نەداوە، مێژوو لەگەڵ درووستبوونی مرۆڤایەتی ئەو شاهێدیە بۆ کورد دەدات، که گەلێکی زیندووە و هەمیشە بەرگری له ناسنامەی خۆیدا کردووە، هەروەها نەیهێشتووە ئەو ناسنامەیه بکەوێتە دەست داگیرکەران، ئەگەرچی کورد دەوڵەتی فەرمی نیه، کەچی وای کردووە لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بێت مامەمەڵەی فەرمی لەگەڵدا بکەن، ئەمەش بۆ زۆر هۆکار دەگەڕێتەوە، لە سەرووی هەموویانەوە بوونی هێزێکی پۆڵایەن که پێشمەرگە سەروەری دەکات بۆتە هێزێکی ئاماژەپێکراو چ دۆست یان دووژمن، دۆست سەرسامه به جوانییەکەی و دووژمنیش سەرسامە به خۆڕاگرییەکەی که ئەوکات بەرانبەری دەجنگێت!. جا مووشك بارانی هەولێر تەنیا به هێزەکانی پێشمەرگه دەپارێزرێت و لەناو دەبرێت، ئەگەرچی پێشمەرگەی کوردستان توانای بەرەنگاری هەر هێزێکی داگیرکەری هەیه و توانای ئەوەی هەیه بەچەند کاتژمێرێك هەموو کوردستان ئازاد بکات، بەڵام ویستی یاسایی و ئاشتیانەی هەیه بۆیە جووله ناکات، دووژمنیش ئەوە باش دەزانێت که هێزەکانیان توانای پێشمەرگەیان نیه، نه بۆ شەڕ و نه بۆ بەرەنگاربوونەوە، چونکه پێشمەرگە گەله و گەلیش پێشمەرگەیه. ئاماژەکان لەو ماوەیەی رابردوودا بۆ ئەوە دەچن که مووشک بارانی هەولێر لەلایەن (بەڕەڵاکانەوە) کارێکی ترسنۆکانە و بێ ئەرزشە، بەڵام پێویستیشە راوەستێنرێن و چیدیکه بوار و دەرفەتیان پێ نەدەن مووشەك بکەنە ئامرازێک بۆ خۆدەرخستن و دڵەڕاوکێ. گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگه بۆ ناوچە داگیرکراوەکان پێویستیەکی مێژوویی یه و تاکه زامنه بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان و ئەو خەڵکە بیانەیەی که لەو هەولێرە جوانەدا نیشتەجێنه.. گەڕانەوەی پێشمەرگه بۆ ئەو ناوچانه گرێنتی یه بۆ پاراستنی ژیان و سەرووماڵیان، بۆیە هەرچی زووە دەبێت پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێتەوە، ئەمەش لەیاد نەکەین بەوەی هێزەکانی عێڕاق ئەوەنین پشتیان پێببەسرێت، هیزێکه بۆتە بارگرانی و نائومێدی بۆ هاووڵاتیان، نە توانای هەیه بەرگری بکات ونە متمانەی پێدەکرێت، باشترین بەڵگەش بۆ ئەمه جێهێشتنی مووسڵ بوو، کە بوونه گاڵتەجاری گەل و هاووڵاتیان. خاڵە هەرە گرینگەکەش ئەوەیه که ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست له گۆڕاندایه، بۆیە هەر دەبێت هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەو گۆڕانکارییانەدا رۆڵیان هەبێت و سەروەری کوردستان بپارێزن و سەربەخۆیی بکەنه ئامانجی سەرەکی.