Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حكوومەت ١٨ملیار دیناری بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئاوی سلێمانی تەرخان كرد

سلێمانی-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ چارەكردنی كێشەی ئاوی سلێمانی، دەست بە تەواوكردنی پڕۆژەیەكی گەورەی ئاو دەكرێت، كە تێچووەكەی ١٨ملیار دینارە.

ئاری ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ماوەی ڕابردوودا دەست بە پڕۆژەیەكی گەورەی ئاو لە سنووری سلێمانی بە گوژمەی ١٨ملیار دینار كرا، بەڵام دواتر بە ھۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەكە وەستا، ئێستاش حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چوار ملیار دیناری دیكەی بۆ تەرخان كردووە، بەمەش دوا قۆناغی پڕۆژەكە كۆتایی دێت و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە ئەو پڕۆژەیە بەشێكی زۆری كێشەی ئاوی سلێمانی چارەسەر دەكات".

ئەحمەد گوتیشی: "ئەو پارەیەی كە تەرخان كراوە، بۆ كڕینی پەمپ و ماتۆڕ و بەستن و رێكخستنی پەمپەكان و هەروەها پێداویستیی دیكە بۆ پڕۆژەكەیە، بۆیە ئەو پڕۆژەیە گەورەیە و زۆریش گرنگە بۆ پارێزگای سلێمانی، كە كێشەی ئاویان ھەبوو، بەڵام حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پارەی تەرخان كردووە بۆ ئەوەی بتواندرێت كێشەكەیان چارەسەر بكرێت".

بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد: "ئەو پڕۆژەیە لەسەر ئاوی دوكان جێبەجێ دەكرێت، كە یەك و دوو ھەیە و ئەوەی دوو كاری پەرەپێدانی بۆ دەكرێت، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە كێشەی ئاوی سلێمانی چارەسەر بكرێت و دوای خەرجكردنی پارەكەش، دەست بە تەواوكردنی پڕۆژەكە كراوە و ئێستا بەردەوام كاری تێدا دەكرێت".

 

 

بڵند ئیبراھیم