Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خانەنشینیی ھەرێم بۆ KDP: پێویستە ئه‌و كه‌سانه‌ سەردانمان بكەن و مووچەیەك ھەڵبژێرن

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری خانەنشینیی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، چاكسازی لە خانەنشینانی ھەرێمی كوردستان بەردەوامە و سەرقاڵی ئەوەین، ئەوەی پلەی پێشمەرگە بووە و بە پلەی دیكە خانەشین بووە، دەیگەڕێنینەوە بۆ سەر پلەی پێشوو لە وەزارەتی پێشمەرگە، جگە لەوەش، ئەوەی دوو مووچەی ھەبێت، مووچەیان دەبڕێت.

حازم ئیسماعیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "فۆڕمێكمان ئامادە كردووە و پێشكەشی خانەنشینانی ھەرێمی كوردستانمان كرد، ئەوانەی كە پێشمەرگە بوونە و بە پلەی دیكە خانەنشین بوون، بەشێكی گەڕاوەتەوە و بەشێكی ماوە و سەرقاڵی جیاكردنەوەی فۆڕمەكانین، بۆ ئەوەی بزانین چەند فۆڕم گەڕاوەتەوە، ئەو فۆڕمەش بۆ ئەوەیە، ئەوانەی كاتی خۆی پێشمەرگە بوونە و بە پلەی تایبەت خانەنشین بوونە، دەیانگەڕێنینەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، بۆیە لەم رۆژانەدا كە فۆڕمەكان تەواو بوون، كۆبوونەوەیەكی لەبارەوە ئەنجام دەدەین و بڕیاری لێ دەدەین".

بەڕێوەبەری خانەشنینی ھەرێمی كوردستان گوتیشی: "ئەو كەسانەی خانەنشین بوونە و دوو مووچەیان ھەیە، مووچەیان رادەگرین و دەستمان بە پرۆسەكە كردووە، چونكە ھەیە دوو مووچەی فەرمانبەری وەردەگرێت و ھەشە فەرمانبەر و خانەنشینی وەردەگرێت، بۆیە ئەوەی دوو مووچەی ھەبێت بە ھەر شێوەیەك بێت رادەگیرێت، پێویستیشە خەڵكەكە سەردانمان بكەن، بۆ ئەوەی مووچەیەك ھەڵبژێرێت و ئەوەی مووچەیەكی نایاسایی وەربگرێت، مووچەیەكیان دەبڕین، چونكە ئێمە لە ھەرێمی كوردستان ٢٤٠ هەزار خانەنشینی سەربازی و مەدەنیمان ھەیە".

 

بڵند ئیبراھیم