Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیارە بۆ سنووری ھەولێر ١٥ھەزار کەس دابمەزرێت

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی پڕۆسەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی ناوی دەنگدەران تەواو بوو و لە سنووری ھەولێر ٧٠%ی هاووڵاتیان ناوی خۆیان تۆمار و نوێ کردەوە، بڕیارە لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەست بە تۆمارکردنی ناوی ھاووڵاتیان بکرێت بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو، کە ژمارەیان ١٥ھەزار کەس دەبێت.

عەبدولڕەزاق مشیر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ماوەی ڕابردوودا تا ١٥ی ئەم مانگە، پرۆسەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی ناوی دەنگدەران بەردەوام بوو و رێژەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەش گەیشتە ٧٠%، کە تا ئێستا ٧٠٠ھەزار کارتمان دابەش کردووە و ٣٠ھەزاری دیکەش ماوە و ئەوانیش دابەش دەکەین".

مشیر گوتیشی: "لە ھەنگاوێکی دیکەدا بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنەکان، دەست بە دامەزراندنی کارمەند بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەڕێوەبردنی کاروباری پرۆسەی ھەڵبژاردن دەکەین، کە بۆ ھەولێر ١٥ھەزار کارمەند بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێنین".

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "تۆمارکردنی ناوی ھاووڵاتیان بۆ دامەزراندن، لە رێگەی ماڵپەڕی خۆمان دەبێت و بە شێوەی ئۆنلاین دەبێت، کە فۆڕمێک ئامادە دەکەین و ھاووڵاتیان دەتوانن پڕی بکەنەوە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا مەرجەکان و وادەکە رادەگەیەنین، چونکە پێویستمان بە کارمەند ھەیە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق".

 

بڵند ئیبراھیم