Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی ئیدانەی ھێرشە تیرۆریستییەکەی سەرفڕۆکەخانەی ھەولێر و باشیک دەکات

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هێرشە تیرۆرستیەكانی ئەمشەوی سەر فرۆكەخانەی نێوەدەوڵەتی هەولێر و بنكەی هێزەكانی توركیا لە باشیك  ئیدانە دەكات.

بەتوندترین شێوە ئیدانە و سەركۆنەی ئەو هێرشە تیرۆرستیانە دەكەین كە ئەم شەو كرانە سەر فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك، كە ئامانج لێی تەنها تێكدانی سەقامگیر و هێمنی  بارودۆخی  هەرێمی كوردستان و عێراقە.
بە ئامانج گرتنی ئارامی و ئاسایشی  هەرێمی كوردستان هەوڵێكی دیکەی نەزۆكی تیرۆرستانە كە وەكوو هەمیشە ترسنۆكانە رووبەڕووی ورەی بەرزی خەڵكی كوردستان و قەڵای پتەوی دەزگا ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە و مایە پوچ لێیدەردەچن.

دووبارە بوونەوەی ئەم جۆرە كردەوە تیرۆرستیانە ئەوەمان پێدەڵێت كە پێویستە هەموو ئەو گروپ و تاقمە چەكدارانەی كە ناكەونە چوارچێوەی هیچ دەزگایەكی ئەمنی عێراقی و ئەجندای روونی ئەمنی و سەربازیان نیە جڵەو گیر بكرێن سنورێكی هەمیشەییان بۆ دابنرێت، چونكە بەردەوامی ئەو كردەوە تیرۆرستیانە دژ بە هەموو بەرژەوەندییەكانە و جگە لە ناسەقامگیر و ئاڵۆزی زیاتری بارودۆخی عێراق و ناوچەكە هیچی تری لێناكەوێتەوە.

داواکارین لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ھەوڵی جدی بدەن بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی ئەو ھێرشانە کە بەداخەوە بۆ چەندەمین جارە دووبارە دەبنە و سزادانیان لە ژێر ھەر ناو و ناونیشانێکدا بن، ھاوکات جەخت لەسەر ھەماھەنگی و ھاوکاری زیاتری نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنیەکانی عێراق و ھێزی ھاوپەیمانان دەکەینەوە بۆ رێگریکردن لەو کردەوە تیرۆرستیانە و، فەراھەمکردنی ئارامی و ئاسایش کە بنەمای پێکەوەژیان و زامنی سەقامگیری و سەروەری وڵاتە.


مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان                                                                          ١٥ـی نیسانی ٢٠٢١