Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شنگال.. حکومەتی عێراق بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ دەرکردنی هێزە نایاساییەکان

شنگال-KDP.info-  ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی حکومەتی عێراق، عوسمان ئەلغانمی، بە یاوەریی شاندێکی سەربازیی عێراق لە شنگال بوون، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شنگال گوتی، ئەو شاندە دەیەوێت لە ڕەوشی شنگال بکۆڵێتەوە بۆ دەرکردنی هێزەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی دا، وەزیری ناوخۆی عێراق لەگەڵ هێز و کەسایەتییەکانی ئێزدی لە شنگال کۆ بووەوە و ئەوان دەیانەوێت ڕیگایەک بدۆزنەوە کە ئەو هێزانە لە شنگال دەربکەن و ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت.

گوتیشی: ''ئەمە چەندین جارە حکومەتی عێراقی دوامۆڵەت بە پەکەکە دەدات شنگال چۆڵ بکات، کەچی ئەوان دەرناکەون و حکومەتی عێراقیش توانای دەرکردنیانی نییە."

ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کرا بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال، کەچی تا ئێستاش حکومەتی عێراق هەنگاوە جددییەکانی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە نەهاوێشتووە.

 

کــاروان بــاعەدری