Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی و سەدر ھاوپەیمانیەتی دەکەن؟

هەولێرـKDP.infoـ عێراق لە ساڵی ۲۰۲۱ هەڵبژاردنی لە پێشە و وا بڕیارە لە وادەی دیاریکراودا بەڕێوە بچێت، چاودێرێکی سیاسیی ئاگادار لە بابەت و ڕووداوەکان دەڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆی ئەوەی مەرجەعی سیاسیی هەیە کە سەرۆک بارزانییە، ئەگەری ئەوەی هەیە لەگەڵ لایەنی سەدر کە ئەویش وەک مەرجەعێک دەبینرێت، هاوپەیمانییەک پێک بێنێت، چونکە هەمیشە پارتی بەرژەوەندیی کوردستانی پێش بەرژەوەندیی حزبی خستووە.

هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ۱۰ی۱۰ی۲۰۲۱وەک ڕۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری کردووە کە ۲٤۹حزب بە فەرمی مۆڵەتی بەشداریکردنیان وەرگرتووە کە بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ۲٦ملیۆن و ٦٤۲هەزار هاووڵاتیی عێراقی مافی دەنگدانیان لەو هەڵبژارنەدا هەیە.

تا ئێستا دیار نییە لە هەڵبژاردنی ئایندەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ چ لایەن و حزبێکی سیاسیی کوردستانی و شیعی و سوننەش هاوپەیمانی دەکات، ئەگەر هات و هاوپەیمانیی لەگەڵ لایەنێک بەست، یاخود هەر بە تەنها بەشدار بوو چۆن دەبێت؟ پەیوەست بەمە و ئەوەی کە ئایا هاپەیمانی کراوە تا ئێستا، یان دەکرێت، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هیچ لایەنێک هاوپەیمانیی نەبەستووە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایندەی عێراق، ئێستا یاسای هەڵبژاردن گۆڕدراوە، دەنگدانی ئەم جارە جیاوازە و بەپێی یاسا ئەو لایەنەی زۆرترین کورسی بەدەست دەهێنێت، ئەو لایەنە تکلیف دەکرێت بە دامەزراندنی حکوومەت، جا ئەو لایەنە ئەووەختە دەکەوێتە گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ ئەوەی زۆرینەی پەرلەمانی پەیدا بکات، تا متمانە بە حکوومەتە پێشنیارکراوەکەی بدرێت لە ئەنجومەنی نوێنەران."

هەر بۆ ئەم مەبەستە، کرمانج عوسمان، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەبەر ئەوەی هەڵبژاردن دەکرێت، شتێکی سرووشتیە هاوپەیمانی هەبێت لەنێو لایەنە سیاسییەکان، هاوپەیمانی بۆ ئەوەیە کەوا ئەو لایەنەی تمووحی زیاتری هەیە هاوپەیمانی دەکات، وا دەبینرێت کە نزیکبوونەوەیەکی باش هەبێت لە نێوان سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبەر تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ساڵی ۲۰۲۱، هاوکارییەکی باش هەبوو دەتوانین بڵێین خاڵی هاوبەش ئەوەیە لەنێو حزبە کوردستانییەکان پارتی مەرجەعی هەیە کە جەنابی سەرۆک بارزانییە و لەنێو حزبە شیعییەکانیش ئەوحزبەی کە مەرجەعی هەبێت و بتوانێت کۆنتڕۆڵی شەقامی عەرەب بکات "سەدر"ە کە وەک مەرجەعێک سەیر دەکرێت و وەک حزبەکانی تر نییە."

کرمانج لە ئەگەری پێکهاتنی هاوپەیمانیی پارتی لەگەڵ سەدر گوتی: "هاوپەیمانییەکە لەسەر بناغەی ئەوەیە کە چۆن بتوانن بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، ئەوەی پەیوەندیی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە ئەوەیە کە پارتی هەمیشە بە ڕاشکاوی لە هاوپەیمانیدا بەرژەوەندیی کوردستان بە پێش بەرژەوەندیی حزبایەتی دەخات، ئەمە یەکێکە لە جیاوازییەکان، لەبەر ئەوەی وا دەبینرێت کە ئەو هاوپەیمانییە بکرێت بە دڵنیاییەوە بەرژەوەندیی کوردستان بە پێش دەخرێت لەوەی کەوا پابەندە بە بەرژەوەندیی حزبی و ئەگەریش نەکرێت، بەدڵنیاییەوە هەریەک لە لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندیی خۆیان ڕەچاو دەکەن."

 

فایزە کۆیی