Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە هۆی نەبارینی باران، رێژەی ئاوی دوكان 5م دابەزیوە

سلێمانی-KDP.info- بەڕێوەبەری بەشی هایدرۆلۆجیی بەنداوی دوكان رایگەیاند، بە هۆی گۆڕانی كەشوهەوا و نەبارینی ڕێژەی بارانی پێویست، ڕێژەی ئاوی دەریاچەی دوكان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تا ئەم كاتە 5م دابەزیوە. دەشڵێت، ئاو وەك داهاتێكی نیشتیمانیی گرنگ لە هەرێمی كوردستان، پێویستی بە پلانێكی زانستیی تۆكمە هەیە بۆ پاراستنی، چونكە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو كەمیی باران و وشكەساڵی هەنگاو دەنێت.

سەلام نەجم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بە هۆی كەمیی ڕێژەی باران بارین لە هەرێمی كوردستان و هاوكات دروستكردنی چەند بانداوێك لەسەر زێی بچووك لەلایەن ئێرانەوە، هاتنی ڕێژەی ئاو بۆ دەریاچەی دوكان زۆر كەمی كردووە، چونكە سەرچاوەی ئەو ئاوانەی دەڕژێنە دەریاچەكە (11690 كم2)ـیە، كە 60%ی ئەم رێژەیە هی ناوخۆیە و ئەوەی دیكەی سەرچاوەی ئەو ئاوانەیە كە لە ئێرانەوە دێت".

نەجم گوتیشی: "هەرێمی كوردستان لە رووی سەرچاوەی ئاوییەوە خاوەنی ئاوێكی سازگاری شیرینە و پێویستە بپارێزرێت، ئەویش بە چەند ڕێگایەك، لەوانە: دروستكردنی بەنداوی مامناوەند لەسەر ئەو دەریاچانەی كە هەمانن، تا لە ڕێگایەنەوە بڕە ئاوی پێویستی لێ پاشەكەوت بكرێت و دووبارە لە وەرزە پێویستەكان بە تایبەت هاوین، سوودی لێ وەربگیرێت، بەدەر لەوەش، دەركرنی یاسایەك لە پەرلەمان بۆ پاراستنی ئاو زۆر گرنگە، تاوەكو سامانێكی نیشتیمانی گرنگیی پێ بدرێت، لەگەڵ دانانی ریسایكلین بۆ پاككردنەوەی سەرچاوە ئاوییەكان و دووبارە سوودوەرگرتن لێیان، چونكە پیسبوونی ئاوەكانی ئێمە لە ئێستادا بە ماددە قورسەكانی پیشەسازی، هەڕەشەیەكی جیدییە بۆ سەر دەریاچە و سەرچاوە ئاوییەكانمان".

بەڕێوەبەری بەشی هایدرۆلۆجیی بەنداوی دوكان ئاماژەی بەوەش دا: "شەڕی داهاتووی وڵاتان، شەڕی ئاو دەبێت، بۆیە پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ئێمە بیرمان نەچێت ئاو ڕەهەندێكی ئابووریشی هەیە، كە دەتوانرێت وەبەرهێنان لە سەرچاوە ئاوییەكان بكرێت و بكرێنە ناوەندێكی گرنگی گەشتیاری، بەدەر لەوەش، وزەی كاەبای لێ بەرهەم بهێنرێت و بفرۆشرێتە كۆمپانیاكان، كە ئەوەش دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگى داهات بۆ حكوومەت، چونكە ئاو لە تەواوی وڵاتان لە پێش سێكتەرەكانی دیكەی وەك نەوت و كانزاكان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت".

ئەرسەلان ئەحمەد