Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری ناوخۆ: ئیدارەی سۆران لە ئەولەویەتی كارەكانی سەرۆكی حكوومەتە

سۆران-KDP.info- ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری ھەولێر، تەلاری نوێی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی سۆران كرایەوە و وەزیری ناوخۆش رایگەیاند، لە چەند مانگی داھاتوودا بەشێكی زۆری مامەڵەی فەرمانگەكانی ناوخۆ دەكرێنە ئەلیكترۆنی و لەبارەی دەڤەری سۆرانیش ئاشكرای كرد، بابەتی ئیدارەی سەربەخۆ لە سۆران، سەرۆكی حكوومەت خۆی كاری لەسەر دەكات و دوای تەواوبوونی رێكارەكان، بڕیاری لەسەر دەدرێت.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دوای ئەوەی لە كابینەی رابردوودا دەست بە دروستكردنی تەلاری بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی قەزای سۆران كرا، ٥٠%ی كارەكانی تەواو كرابوو، لەم كابینەیەشدا دوای وەرگرتنی رەزامەندیی سەرۆكی  حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، شەش ملیار و ٧٥٠ ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی تەلاری ھاتوچۆی سۆران خەرج كرا و ئەمڕۆ بە تەواوەتی كۆتایی ھاتووە و كاری تێدا دەكرێت، ئەمەیش دەستكەوتێكی گەورەیە، چونكە ھەموو ئەو خزمەتگوزاریانەی ھاووڵاتیانی سنووری سۆران بە ھەر چوار قەزاوە مێرگەسۆر، سۆران، چۆمان، رواندز، دەتوانن ھەمان خزمەتگوزاری كە دەچوونە ھاتوچۆی ھەولێر، لێرەوە جێبەجێیان بكەن، وەك دەركردنی مۆڵەتی شوفێری و تۆماركردنی ئۆتۆمبێل و نوێكردنەوەی ساڵیانە".

وەزیری ناوخۆ روونیشی كردەوە: "ھەوڵ دراوە ھەموو ئەو خزمەتگوزاریانەی لە ناوەندی شارەكان ھەن، بگوازرێنەوە بۆ قەزاكان و ھاووڵاتیان بتوانن لە شوێنی خۆیان مامەڵەكان ڕاییی بكەن و رێگەی دوور نەبڕن بۆ راپەڕاندنی كارەكانیان، بە تایبەتی بەئەلیكترۆنیكردنی مامەڵەكانی فەرمانگەكان، چونكە ئەم كابینەیە، دەكرێتە كابینەیەكی ئەلیكترۆنی و گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەناوبانگی ئەڵمانی كراوە، بۆ ئەوەی بە شێوەی ئەلیكترۆنی ھاووڵاتی ھەر لە ماڵی خۆی زۆربەی كاروبارەكانی بەڕێوە ببات".

لەبارەی مۆڵەتی شوفێری و ساڵیانە بە زمانی كوردی، رێبەر ئەحمەد دەڵێت: "پێشتر تەنیا بە زمانی عەرەبی لەسەر ساڵیانە و مۆڵەتی شۆفێری دەنووسرا، ئێستا ھەم قەبارەیان بچووك كراوەتەوە و ھەمیش بە زمانی كوردی لەسەریان دەنووسرێ، ئەمەیش دەستكەوتێكی گەورەیە".

پەیوەست بە ئیدارەی سەربەخۆش، رێبەر ئەحمەد ئاشكرای كرد: "سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بەئیدارەكردنی دەڤەری سۆرانی، لە پێشەكیی كارەكانی داناوە و لە ئێستادا كاری لەسەر دەكرێت، بێگومان دوای تەواوبوونی رێكارەكان، سۆران دەكرێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، چونكە ناوچەیەكی بەرفراوانی ھەیە و دانیشتووانی ئەم ناوچەیە شایستەی خزمەتی زیاترن".

 

قائید میرۆ