Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەغدا لە داخستنی دوو كەمپی تایبەت بە كەسوكاری داعش پاشگەز دەبێتەوە

مووسڵ-KDP.info- یاریده‌ده‌رى پارێزگاری مووسڵ رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی حكوومەتی عێراق بڕیاری داخستنی ھەردوو كەمپی جەدعا و خەمسای تایبەت بە خێزانەكانی داعشی لە مووسڵ دابوو، بەڵام لە ئێستادا بە ھۆی ئەوەی دەزانن داخستنی ئەو دوو كەمپە دەبێتە كێشە بۆ مووسڵ، لەو بڕیارە پاشگەز بوونەتەوە.

رەفعەت سمۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوو كەمپی خێزان و كەسوكارەكانی داعش لە مووسڵ ھەن، كە دوو ھەزار خێزان لە خۆ دەگرێت و حكوومەتی عێراق بڕیاری دابوو سەرجەم كەمپەكان دابخات و لەنێویاندا ئەو دوو كەمپەش، بەڵام دواتر حكوومەت زانی كێشەی بۆ دروست دەبێت و ئەو خێزانانە بێنە ناو مووسڵ گرفت دروست دەبێت، چونكە زۆریان ناتوانن بچنەوە ناوچەكە بە ھۆی كێشەی عەشائیری یان داوا كراون، لەبەر ئەوەی خەڵكی زۆریان كوشتووە و لە شوێنەكانی دیكەش ناتواندرێت چاودێرییان بكرێت، بۆیە حكوومەت پاشگەز بووەتەوە لەوەی ئەو دوو كەمپە دابخات".

سمۆ گوتیشی: "حكوومەتی عێراق پێویستە بڕیارێكی نوێ لەبارەی ھەردوو كەمپی جەدعا و خەمسە كە تایبەتن بە كەسوكاری داعش، بدات و چارەسەرێكی بۆ بدۆزرێتەوە، بە جۆرێك نەبنە كێشە بۆ خەڵكی مووسڵ، چونكە ئەمانە ھێشتا مەترسیدارن و ئەگەر كەمپەكانیان دابخرێن، كێشەی گەورەی لێ دروست دەبێت، ھەر بۆیەش حكوومەتی عێراق بڕیارەكەی راگرتووە و لە داخستنیان پاشگەز بووەتەوە".

دەشڵێ: "ئێمە ھەر لە سەرەتاوە ئەو كارەمان بە ھەڵە زانی، چونكە دەمانزانی دەبێتە كێشە، بەڵام حكوومەتی عێراق بڕیاری دابوو و دواتریش ھەر خۆیان لە بڕیارەكە پەشیمان بوونەوە".

 

بڵند ئیبراھیم