Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"بە بۆنەی جەژنی كوردانی ئێزدی، رێگەی سحێلا دەكرێتەوە"

دهۆك-KDP.info- بە بۆنەی سەری ساڵ و جەژنی چوارشەممەی سۆری كوردانی ئێزدی، بڕیار دراوە بۆ ماوەی دوو رۆژ رێگەی سحێلا بە ڕووی ھاووڵاتیاندا بكرێتەوە، بەڕێوەبەری ئاسایشی رۆژئاوای دیجلەش دەڵێ، بڕیارەكە بۆ رێزگرتنە لە جەژنی كوردانی ئێزدی.

ئاشتی كۆچەر، بەڕێوەبەری ئاسایشی رۆژئاوای دیجلە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رۆژی چوارشەممە، جەژنی چوارشەممەی سۆری برایانی كوردی ئێزدییە و باوەڕدارانی ئایینی ئێزدی جەژن و مەراسیمی تایبەت بە خۆیان ھەیە، لەبەر ئەوەی وەك رێزگرتن بۆ خوشك و برایانی ئێزدی، بڕیار دراوە رێگەی سحێلا كە پارێزگای دھۆك بە دەڤەری شنگال دەبەستێتەوە، بكرێتەوە".

كۆچەر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "رێگاكە تەنیا لە دوو رۆژی جەژندا كراوە دەبێت بۆ ھاتوچۆی كوردانی ئێزدی و دواتر دادەخرێتەوە، ھەموو رێوشوێنێكیش گیراوەتە بەر، بۆ ئەوەی كوردانی ئێزدی لە كەشێكی ئارامدا جەژنەكەیان بەڕێوە ببەن".

 

قائید میرۆ