Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتیى UN كۆبوونه‌وه‌‌

بەغدا-KDP.info- ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2021/4/10 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ خاتوو جینین پلاسخارت نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرێترى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌. 

له‌ كۆبوونه‌كه‌دا بارودۆخى عێراق له‌ڕووى سیاسى و ئابوورى و ئه‌منییه‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان، ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش تاتوێ كران. 

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێراى خستنه‌ڕووى پوخته‌یه‌ك له‌ به‌رنامه‌ و ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ به‌غدا، جه‌ختى له‌ گرنگیى ڕۆڵى یارمه‌تیدره‌ى تیمى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرده‌وه‌ كه‌ له‌نێوان هه‌موو هێزه‌ و لایه‌نه‌كاندا‌ له‌ گفتوگۆدایه‌ و ده‌خوازێت له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌ركى خۆیدا له‌ عێراق هاوكارى بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان.  

لاى خۆیه‌وه‌ خاتوو ‌پلاسخارت خۆشحاڵیى خۆى به‌ به‌رده‌امیى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا ده‌ربڕى و هیواى خواست هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌ گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور بگه‌نه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان و هه‌موو لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان بۆ تێپه‌راندنى دۆخه‌كه‌ و له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریدا پێكه‌وه‌ هاوكار بن.