Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری ناوخۆ: بۆ مانگی رەمەزان رێکاری نوێ بۆ روبەروبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا دەردەکەین

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، پابەندنەبوونی خەڵک بەرێنمایەکان بەتایبەت بەستنی ماسک وای کردووە کە رێکاری توند بۆ روبەروبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا دەربکەین، جەختیشی کردەوە، لەمانگی رەمەزان رێنمایی نوێ دەردەکەین کە لەگەڵ ئەو مانگە بگونجێین وھیوادارین ھاوڵاتیانیش ھاوکار بن.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەگەر رۆژانەش نەبێت بەردەوام پەیامی ھەبووە ھاوڵاتیان ئاگاداربکرێنەوە و ھوشیار بکرێنەوە باشتر خۆیان بپارێزن و وەزارەتی تەندروستی رێنمایی ھەبووە و داواکاری ھەبووە لە لیژنەی باڵای روبەروبوونەوەی کۆرۆنا کە رێکارەکان توند بکرێن و بەداخەوە ھاوولاتیان وەکو پێویست خۆیان ناپارێزن بۆیە ناچارین رێکارەکان توند بکەین و ساڵی ڕابردوو لە قەدەغەکردنی ھاتووچۆ دەستمان پێکرد و تارادەیەکی باش توانیمان بەسەر پەتایەکە زاڵ بین و سەرکەوین، بەڵام ئەو شل و خاویەی لەلایەن ھاووڵاتیان ھەیە و پابەند نەبوون بە رێنمایەکان وایکرد بە ھەزاران خەڵک تووشی کۆرۆنا بن و چەند ھەزارێکیش ژیانی خۆیان لەدەست دا.

رێبەر ئەحمەد گوتیشی، ئەمساڵ کە پەتای کۆرۆنای گۆڕاو لە سەرتاسەری جیھان بڵاوبوویە ھەموو وڵاتانی ناچار کردووە کە قەدەغەی ھاتووچۆ رابگەیێنن، بۆ نموونە لە وڵاتانی ئەوروپا سیستەمی ئابووری و تەندروستی باشترن لە ئێمە  قەدەغەی ھاتووچۆیان بەمانگ راگەیاندووە و ئێستاش لەگەڵ بێت ژیان وەستاوە، کە باسی رێکاری تەندروستی دەکەین باس لە بەستنی ماسک دەکەین، بۆیە بەداخەوە دۆخێک دروست بووە پێویستە لەگەڵ نەخۆشیەکە رابێین، ئێمە ھەمیشە گوتومانە لێراھاتن لەگەڵ کۆرۆنا بەماسکەوە لەگەڵ نەخۆشیەکە دەژین بەبێ ماسک ژیانی ھاووڵاتیان لەمەترسیدایە.

ئەحمەد باسی لەوەشکرد، ھەموو رێکارەکان بۆ پاراستنی خەڵکە و خەڵک پارێزراو بێت وتەندروستیان باش بێت و ھاووڵاتیان تووشی نەخۆشی و گرفت نەبن وھەرچی رێنمایی بڵاودەکەینەوە ھاووڵاتیان پابەند نابن بە بەستنی ماسک و ھەندێک دامەزراوەکانی حکومەت ماسکیش دابین دەکەن و داوا لە راگەیاندنەکان دەکەین رۆڵی زیاتر لەھۆشیارکردنەوەی خەڵک ببینن.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، ئەولەویەتی حکومەتی ھەرێم پاراستنی خەڵکە، من تکا دکەم لە دەزگاکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیا وھەر کەسێک رۆڵی ھەیە، ئاگاداری ھاووڵاتیان بکات کە ھۆشیاربن لەبەستنی ماسک، ئەو ماسکە ژیانی خەڵک دەپارێزیت و کۆڕ و کۆبوونەوە کەمبکرێتەوە، ناچار بووین لەسەر راپۆرتی تەندروستی و لیژنەی باڵا رێکاری نوێ دەربکەین کە لەمشەوە قەدەغەی ھاتووچۆی تەواو دەستپێبکات.

باسی لەوەشکرد، بەخێرھاتنی مانگی رەمەزان دەکەین و چەند رۆژی دیکە دەستپێدەکات و بەتەئکید رێکارەکان لەگەڵ مانگی رەمەزان دەگونجێنین، بۆیە پێش مانگی رەمەزان لیژنەی باڵا کۆدەبێتەوە و رێکاری نوێ دەردەکات كە لەگەڵ مانگی رەمەزان بگونجێت، چونکە لەو مانگە ژیان دەکەوێتە شەو و ھاتووچۆ زیاتر دەبێت بۆیە خۆمان بگونجێنین و ھیوادارین خەڵک ھاوکاریمان بکات بۆ ئەوەی سەرکەوتووبین.

بڵند ئیبراھیم