Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داوا كراوە كورد لە دانوستانی نێوان ئەمەریكا و عێراقدا بەشدار بێت

بەغدا-KDP.info- گەڕی سێیەمی دانوستانەكانی نێوان ئەمەریكا و عێراق بە بەشداریی شاندی حكوومەتی ھەرێم دەستی پێكردووە و بڕیارە رێككەوتنەكە لە ئەمنییەوە بكرێتە رێككەوتنێكی ستراتیژیی فراوان، ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، هەردوولا بڕیاریان داوە بێ كورد ھیچ ھەنگاوێك نەنێن، چونكە كورد رۆڵێكی سەرەكیی لە عێراقدا ھەیە و بێ كورد ھیچ رێككەوتنێك ناكرێت.

 

دانا جەزا كاتب، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، گەڕی سێیەمی دانوستانەكانی ئەمەریكا و عێراق بۆ رێككەوتنی ستراتیژی بە بەشداریی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە بە مەبەستی لێكتێگەیشتنێك لە نێوان عێراق و ئەمەریكا بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكان، سەرەتاش زیاتر جەخت لەسەر پەیوەندیی ئەمنی دەكرایەوە، بەڵام ئێستا پەیوەندییەكان فراوانتر دەكرێن لە ڕووی رۆشنبیری و تەندروستی و ئابووری و بازرگانی و وزەوە.

 

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێ: "ئەوەی زۆر زیاتر لەو گفتوگۆیانەدا فۆكسی لەسەر دەكرێت ئەوەیە، چۆن بتوانن لە رێگەی ھێزەكانی ئەمەریكا و راوێژكارانیانەوە ھێزێكی بەرگریكاری بەھێزی عێراقی دروست بكەن و ببێتە ھێزێكی نیشتیمانی، كە لە بەرژەوەندیی عێراق كار بكات و ھێزە بیانییەكانیش رێك دەخرێنەوە و ھێزێكی راوێژكارانی ئەمەریكا و بیانی لە عێراق دەمێننەوە".

 

كاتب گوتیشی: "شاندی كوردی لەو دانوستانانەدا بەشدارە و ئەوەش كاریگەریی خۆی ھەیە، كە كورد بەشێكی گرنگە لە عێراق و خاوەن بڕیارە، بەوەی ئاگاداری وردەكارییەكان دەبێت و رای خۆشی دەبێت، كە حكوومەتی عێراق و ئەمەریكاش داوایان كردووە ھەرێم بەشدار بێت و ھیچ ھەنگاوێك بێ كورد نەنێن، بۆیە پێگەی كورد لە عێراقدا، زۆر بەھێزە".

 

بڵند ئیبراھیم