Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ بەشارەتی: بە نارنجۆك هێرش كراوەتە سەر ماڵەكەم

سلێمانی-KDP.info- شەوی ڕابردوو، لە ڕێگەی ماتۆڕسكیلەوە نارنجۆك هەڵدەدرێتە ماڵی بەرپرسی پێشووی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام دەكەوێتە ماڵێكی دراوسێیان و بە هۆیەوە زیانی ماددیی لێ كەوتووەتەوە.

 

فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی پێشووی لقی 12ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "شەوی رابردوو، نارنجۆكێك هەڵدراوەتە ماڵەكەمەوە، بەڵام كەوتووەتە ماڵی دراوسێكەمانەوە و تەنیا زەرەر و زیانی ماددیی هەبووە و هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، هیرَشەكەش لە كاتێكدایە، ماوەی چەند رۆژێكە بە ڕێگەی جیاواز لە ڕێگەی تەلەفۆن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەڕەشە دەكرێت، هیچ كەسێكیش بە تۆمەتبار لە ڕووداوەكە نازانم، ئەوەی هەیە ئەم جۆرە كردەوانە كاریگەریی خراپی دەبێت بۆ تێكدانی ئاشتەوایی نێو كۆمەڵگە، بۆیە ئەركی هێزە ئەمنییەكانە بكەرانی ئەم كردەوە قێزەونە بدۆزنەوە و كۆتای بەم كارە بێسەروبەرانە بهێنرێت".

 

بەشارەتی، گوتیشی: "ڕووداوەكەش كاتێك ڕووی داوە، كە لە ماڵ نەبووین، بكەرانی ئەو كارەش لە رێگەی بەكارهێنانی ماتۆڕسكیلێك ویستوویانە نارنجۆكەكە فڕێ بدەنە ماڵەكەمەوە، بەڵام بە هۆی پەلەپەل و شڵەژانیان، نارنجۆكەكە كەوتووەتە ماڵێكی دراوسێمان، بۆیە ئەمە كارێكی زۆر ترسنۆكانەیە، ئەوان لەگەڵ ئەم جۆرە كارانە ڕاهاتوون، دەزگا ئەمنییەكانیش هاتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و چاوەڕێی لێكۆڵینەوەكان دەكەین دەربارەی ئەم ڕووداوە".

 

بەرپرسی پێشووی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێ: "سكاڵام لە هیچ كەسێك نییە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم بكەرانی ئەو كردەوە ئاشكرا بكەن، گومانیشم لە هیچ كەسێك نییە، بەڵام لە رۆژانی رابردوودا لێدوانم هەبوو لە یەكێك لە راگەیاندنەكان، لەوانەیە قسەكانم خەڵكێكی سەغڵەت كردبێت، كەسێكیش بۆی نووسیوم، چاوەڕوانی كردەوەیەكی لەو شێوەیە بكە، كە رووبەڕووت دەبێتەوە".

 

ڕوونیشی كردەوە، پێشتریش ئەو كاتەی بەرپرسی لقی 12ی پارتی بووە لە هەڵەبجە، سێ جاری دیكە تەقە لە ماڵەكەی كراوە، هەروەها هەمیشەش هەڕەشەی لێ كراوە، كە تا ئێستاش بكەرانی دیار نین و دەستگیر نەكراون.

 

ئەرسەلان ئەحمەد