Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كێشەی دانپێدانانی زانكۆكانی هەرێم چارەسەر كرا

هەولێر-KDP.info- دوای تێپەڕینی چەندین ساڵ، دواجار كێشەی دانپێدانانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە چارەسەر كرا، ئەندامێكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، تەنیا كێشەی زانكۆی گەرمیان ماوە.

د. محەمەد شاكر، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "چەندین ساڵ بوو كێشەی دانپێدانانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە هەبوو، بەڵام دوای هەوڵێكی زۆر، توانیمان كێشەكە چارەسەر بكەین و لە قۆناغی یەكەمدا حكوومەتی عێراق دانپێدانانی بۆ حەوت زانكۆی هەرێمی كوردستان دەركرد و ئێستا ئەو حەوت زانكۆیە كێشەیان نەماوە".

ئەندامەكەی لیژنەی خوێندنی باڵا دەڵێت: "لیژنەیەك لە بەغداوە سەردانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆكی كردووە و دەتوانم بڵێم ئەویش پەسەند كراوە و كێشەی نەماوە، تەنها زانكۆی گەرمیان ماوە بەغدا دانپێدانانی بۆ دەربكات".

لەبارەی مەرجی بەغدا بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستانیش دانپێدانان بۆ هەندێ زانكۆ دەربكات، د. محەمەد گوتی: "سەرەتا شتێكی وایان داوا كرد، بەڵام ئەوە نەكراوەتە مەرج و لابراوە."

 

قائید میرۆ