Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە گەرمیان 168 هەزار دۆنم زەویی چێنراو بە دانەوێڵە مەترسیی فەوتانی لەسەرە"

گەرمیان-KDP.info- بەڕێوەبەری كشتوكاڵی گەرمیان دەڵێت، بە هۆی وشكەساڵی و نەبارینی ڕێژەی پێویستی باران، لە سنووری گەرمیان 168 هەزار دۆنم زەویی چێنراو بە دانەوێڵە مەترسیی فەوتانی لەسەرە. دەشڵێت، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ ڕاگەیاندنی وشكەساڵی و هەفتەی داهاتووش بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ‌ وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە.

شادیە حوسێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە هۆی كەمی و نەبارینی ڕێژەی بارانی پێوست لەمساڵدا، بەروبوومی دانەویڵەی گەرمیان مەترسیی فەوتانی لەسەرە و ئەو دۆخەی كە ئێستا دروست بووە "١٣" ساڵیش دەبێت بێبارانی بەم شێوەیە رووی لە ناوچەكەمان نەكردووە، بە شێوەیەك 90%ی بەرهەمی جووتیاران زیانی بەركەوتووە، تەنها یەك دوو ناوچەیەك نەبێ (قۆرەتوو – مەیدان) كە تاڕادەیەك بەروبووم لەوێ باشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە یەك دوو بارانی دیكە هەیە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناغی دروێنە".

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی گەرمیان گوتیشی: "ئەوەی ئێستا مەترسیی لەسەرە، تەنها بەرهەمی دانەوێڵە نییە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان،  بەڵكو كەمبارانی، كێشەی گەورەی بۆ خاوەن ئاژەڵەكان دروست كردووە لەبەر نەبوونی لەوەڕی پێوست بۆ ئاژەڵەكان، ئەمەو سەرەڕای ئەوەی مەترسیی گەورە لەسەر كەمبوونەوەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی دروست بووە، بۆیە ئەو دۆخەی پێیدا تێدەپەڕین، هەم زیان بە كشتوكاڵ‌ و داری سرووشتی و باخەكان دەگەیەنێت و هەم بە ئاژەڵداری، هەروەها واش دەكات رێژەی ئاوی ژێرزەوی و كانیاو و كارێزی گوندەكانیش دابەزێت ‌و تەنانەت لە هاویندا وشكیش بكات".

ناوبراو روونیشی كردەوە: "بۆ كەمكردنەوەی ئاسەوارەكانی ئەو زیانەی كە بە هۆی كەمبارانی ڕووی داوە، ڕاپۆرتێكمان پێشكەش بە ئیدارەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی گەرمیان و وەزارەتی كشتوكاڵ كردووە و، داوامان كردووە بەپەلە بودجەیەك تەرخان بكرێت لە ئەگەری وشكەساڵی و ڕاگەیاندنیدا بۆ دابینكردنی ئالیك و بنەتۆو بۆ وەرزی چاندن".

دەشڵێ: "دەبێ پلانی درێژخایەن بۆ سنووری گەرمیان دابنرێت، چونكە بەداخەوە بەپێی پێشبینییەكان، بە هۆی ئەو گوڕانكارییانەی بەسەر كەشوهەوادا هاتووە، گەرمیان ساڵانی داهاتووشی زۆر باش نابێت، بۆ ئەمەش دەبێت ئیدارەیەكی باشی ئاوی سیروان بدرێت، كە بەداخەوە ئێستا كارگەیەكی زۆری چەو و لمی سنوورەكەی لەسەرە و بەدەر لەوەش، لە دیوی ئێرانەوە بەنداوی زۆری لەسەر كراوە، جگە لەمانەش ئەگەر پڕۆژەی بەنداوی بەردەسوور و باوەنوور لە كاتی خۆیدا تەواو بكرانایە و رانەگیرابان، ئێستا گرفتی ئەم كەمبارانییە بێگومان كەمتر دەبوو لە ناوچەكە".

 

ئەرسەلان ئەحمەد