Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كارگەیەكی گەورەی ریسایكلین لە ھەولێر دروست دەكرێت

ھەولێر-KDP.info- نوێنەری خزمەتگوزاری لە شارەوانیی ھەولێر رایدەگەیەنێت، لە شاری ھەولێر كارگەیەكی گەورەی ریسایكلین لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستان دروست دەكرێت، كە رۆژانە دەتواندرێت دوو ھەزار و٤٠٠ تۆن زبڵ و خاشاكی تێدا بەكار بێنن، ئەمەش وا دەكات كێشەی زبڵ و خاشاك بە تەواوی لە شاری ھەولێر چارە بكرێت.

فەرمان خەلیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كارگەیەكی گەورەی ریسایكلین لە شاری ھەولێر دروست دەكرێت و لە ئێستاشدا وەزارەتی شارەوانی سەرقاڵی دەرخستەیەكە، بۆ ئەوەی دەست بە دروستكردنی كارگەكە بكرێت و چەند شارەزایەكی ئەورووپاش بەشداری لە دروستكردنیدا دەكەن و هەروەها لەلایەن وەزارەتی شارەوانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیشەوە، لیژنەیەكی بۆ دروست كراوە".

خەلیل گوتیشی: "كارگەكە لەسەر ئاستی كوردستاندا زۆر گەورەیە، چونكە ئەوەی سلێمانی رۆژانە ھەزار تۆن بەكار دێنێت، بەڵام ئەوەی ھەولێر دوو ھەزار و ٤٠٠ تۆن دەبێت بۆ یەك رۆژ، ئەمەش كارێكی زۆر باشە و دەتواندرێت كێشەی زبڵ و خاشاك لە ھەولێر چارەسەر بكرێت، بۆیە ئیتر ئەو زبڵخانەیەی لە ھەولێر ھەیە، كە كێشە بۆ ھاووڵاتیان دروست دەكات، نامێنێت".

دەشڵێ: "پڕۆژەكە گەورەیە و دروستكردنەكەشی بەپێی جۆری كارگەكە دەبێت، ئەگەر كارەبایی بۆ دروست بكرێت، ٢٠٠ملیۆن دۆلاری پێویستە، بەڵام ئەگەر بە ئاوی گەرم كاری بۆ بكەی وەكو وڵاتی چین، كەمتری تێدەچێ، هەروەها ئەگەر ژێر خاكیش بكرێت، هەمدیسان كەمتری تێدەچێ، ئەگەر ساڵانەش گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان بكەی، رەنگە ١٥ملیۆنی تێبچێت بۆ ھەر ساڵێك، بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار دەكەین و بە چ شێوەیەك باش بێت، بەو شێوەیە دەبێت كە سوودی بۆ ھەولێر ھەبێت".

باسی لەوەش كرد: "ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆن لەگەڵ شارەزایانی ئەورووپا، بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئەنجامێك بۆ دروستكردنی كارگەكە".

 

بڵند ئیبراھیم